لەسلێمانی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە هاوڵاتیەک گیانی لەدەستدا

بەهۆی کەوتنەوەی ئاگر لە ماڵێکی گەرەکی کانی بای شاری سلێمانی، پیاوێکی ٨١ ساڵ گیانی لە دەستداوە و کچێکیشی برینداربوو.

ڕێکان جەمال، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی ڕاگەیاند "شەوی ڕابردوو کاتژمێر ١٠:١٠ خولەک تیمەکانمان ئاگادارکرانەوە کە ماڵێک سوتاوە لە گەڕەکی کانی با لە شاری سلێمانی و دەستبەجێ تیمەکانمان گەیشتنە شوێنی ڕووداوەکە".

وتیشی، لە ئەنجامی ئاگرەکەدا پیاوێکی تەمەن ٨١ ساڵ گیانی لەدەستداوە و کچێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بەڕێژەیەکی کەم سوتاوە، هۆکاری سوتانی ماڵەکەش لە ئەنجامی گڕگرتنی سۆپا بووە.

وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی سلێمانی هۆکاری گیان لە دەستدانی پیاوە ٨١ ساڵەکەی گەڕاندەوە بۆ ئەوەی کە ویستویەتی بە بەتانی کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکات،  لە ئەنجامدا دوکەڵی ئاگرەکە تەنگە نەفەسی کردووە وگیانی لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، تیمەکانیان توانیویانە سێ کەسی تر خێزانەکە لە سوتان ڕزگار بکەن و لە ماوەیەکی کەمیشدا کۆنتڕۆلی ئاگرەکە بکەن.



PM:12:51:22/02/2018