کەجەدە بانگەوازێکی بەپەلە لە گەلی کورد دەکات

لقی ئەوروپای کەجەدە بانگەوازیەک ئاڕاستەی گەلی کورد و دۆستانی دەکات و ڕایدەگەیەنێت "مەترسی کۆمەڵکوژی لە عەفرین هەیە".

لقی ئەوروپای کۆمەڵگەی جڤاکی دیموکراتیک "کەجەدە" بانگەوازی بەپەلەی کردوە و داوای کردوە، "گەلی کورد و دۆستانی هەر ئێستا لە پێناوی عەفریندا بڕژێنە شەقامەکانی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپاو جیهان".

کەجەدە، ڕایگەیاندوە: لە ئێستادا، ئەرتەشی داگیرکەری تورک و تاقمە چەتەکانی لە 2 کیلۆمەتری شاری عەفرین دان، بەو هۆیەوە سەدان هەزار کەس مەترسی کۆمەڵکوژکردنیان هەیە.

ئەوەش لەکاتێکدایە هەر ئەمڕۆ نوری مەحمود، وتەبێژی یەکینەکانی پاراستنی گەل، رایگەیاند "بەهۆی هێرشەکانی تورکیا  و چەکدارە هاوپەیمانەکانی بۆ سەر عەفرین، تائێستا زیاتر لە 800 هاووڵاتی مەدەنی شەهید و برینداربوون".

وتیشی "فڕۆکەکانی تورکیا ماڵی هاووڵاتیان، مزگەوت، بازاڕەکان و عەمباری ئاو دەکەنە ئامانج، بەڵام خەڵکی عەفرین بەردەوامن لە بەرخودان لەکاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر ئەو پەلامارەی تورکیا بێدەنگن".

ئەوەشی وت "رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا دەیەوێت گۆڕانکاری دیمۆگرافی لە عەفرین بکات، بۆ ئەو مەبەستەش کۆمەڵکوژی دەکات، هەروەها هیچ هێزێکی سەربازی هیچ وڵات و لایەنێکی دیکەش نەهاتوونەتە عەفرین، ئەوەی بەرگری دەکات تەنیا شەڕڤانان و خەڵکی عەفرینن".



PM:08:47:10/03/2018