ئەنجومەنی بەرێوەبەری خوێندنگاكانی گەرمیان دوا بڕیاری ڕاگەیاند

ئەنجومەنی بەرێوەبەری خوێندنگاكانی سنوری گەرمیان رایگەیاند، رۆژی چوارشەممە ٤/٤ تاقیكردنەوەی پۆلی دوانزەیەم ئەنجام نادرێت و داوای هەڵوێستیش لەهاوڕێ بەڕێوەبەرەکانیان دەکەن.

ئەمڕۆ دووشەممە لە راگەیەندراوێكدا كە وێنەیەكی دەست "سپی میدیا" كەوتووە، ئەنجومەنی بەرێوەبەری خوێندنگاكانی سنوری گەرمیان، رایگەیاندووە "رۆژی چوارشەممە ٤/٤ تاقیكردنەوەی پۆلی دوانزەیەم ئەنجام نادرێت لە گەرمیان (سنوری كەلار و ناحیەی رزگاری و باوەنور و لادێیەكان) بۆ كاتێكی نادیار دواخراوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "ھەڵبەتە ئەم كۆبوونەوەیە بریاری دەستە جمعی بەرێوەبەرەكانە، لێرەشەوە داوای ھەڵوێست لە بەرێوەبەرەكانی ھاورێمان ئەكەین لە شارەكانی دیكە چونكە ئەم حكومەتە متمانەی لە دەست داوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە ئەمڕۆ دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەمە دوا كۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سلێمانی دەبێت لە ئەمساڵی خوێندندا، چونكە ئەو ماوەیەی كە بۆ خوێندنی ئەمساڵ ماوەتەوە لە لێواری هێڵی سوورە، بۆیە وەكو ئەركێكی مێژوویی كاتی ئەوە هاتووە بڕیار بدەین و داوا لەمامۆستایان دەكەین بایكۆت بشكێنن و ئەم قۆناغە تێپەڕێنن".



PM:05:16:02/04/2018