هۆشیار عەبدوڵڵا: ئێمە درۆی یەکڕیزی حزبەکانمان لە عێراق تێکشکاند

کاندیدێکی بزوتنەوەی گۆڕان کە هاوکات لە ئێستاشدا ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە باس لەوەدەکات، کە لەلایەن نوێنەرانی بزوتنەوەی گۆڕانەوە مۆدێلی نوێنەرایەتیکردن لە پەرلەمانی عێراق گۆراوە بە مۆدێلێکی نوێ.

هۆشیار عەبدوڵا کاندیدی ژمارە ١٠ی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ پەیجی "سپی"رایگەیاند،" ئێمە دەمانەوێت لە عێراقدا مۆدێلی نوێنەرایەتیکردن بگۆڕین، بەتایبەتی لەو بارودۆخە سیاسییەی کە ئێستا هاتوەتە ئاراوەو، بەتایبەتیش دوای ریفراندۆم.

وتیشی، ئێمە دەمانەوێت ئەو هەڵە سیاسییە کوشندانەی، کە لەماوەی ڕابردودا دەسەلاتی سیاسی کوردستان بە گشتی لە جۆری بەشداری سیاسی لە عێراقدا کردویەتی تا ڕادەیەکیزۆر ڕاستی بکەینەوە، ئەوەی بەلای ئێمەوە گرنگە ئەوەیە، کە دوای ساڵانی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥ ئەو نوێنەرایەتی کردنەی، کە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان بووە لە راستیدا ئەوەندەی نوێنەرایەتییەکی حزبی بووە، نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان نەبووە".

ئەو کاندیدەی بنوتنەوەی گۆڕان کە لە ئێستاشدا نوێنەری حزبەکەیەتی لە ئەنجومەنی نوێنەرای عێراق ئاماژەی بەوەشدا، لە چوار ساڵی رابردوشدا توانیمانە ئەو قۆرخکارییەی کە پارتی کردویەتی لە چوارساڵی رابردودا، ئێمە مۆدێلێکی نوێمان پێشکەش کردووە و درۆی یەکڕیزیمان تێکشکاندووە.




PM:10:41:09/05/2018