ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی راگەیەندراوێكی بڵاوکردەوە

وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، له‌باره‌ی ته‌قه كردن له‌ نوسینگه‌ی سه‌ته‌لایتی كوردستان تیڤی له‌ سلێمانی راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ و لیژنه‌ی ئه‌منیی سلێمانی به‌ به‌رپرسیار به‌رامبه‌ر ئه‌و روداوه‌ ده‌زانێت.

لە راگەیەندراوێكی ڕۆژنامەوانیدا عەتا شێخ حەسەن، وتەبێژی ئەنجومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی ـ هەڵەبجەرایگه‌یاند: كاتژمێر 10:15 خوله‌كی شەوی ڕابردوو، لەلایەن چەند ماتۆڕسوارێكەوە تەقە لە نووسینگەی سەتەلایتی كوردستان تیڤی لە شاری سلێمانی كراوە، بەڵام كارمەندان و پاسەوانانی نووسینگەكە سەلامەتن و تەقەكان زیانی گیانی بەدواوە نەبووە.

راشیگه‌یاند: ئێمە لە ئەنجومەنی سەركردایەتی سلێمانی، هەڵەبجەی پارتی دیموكراتی كوردستان، لیژنەی ئەمنی شاره‌كه‌و بەرپرسانی ئاسایش و پۆلیس، بەرامبەر پاراستنی ئاسایشی سیاسی و كۆمەڵایەتی و پاراستنی بارەگاكانمان بە بەرپرسیار دەزانین.

عەتا شێخ حەسەن ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو كه‌ لەسەر ئه‌و رووداوه‌ی ته‌قه‌كردنه،‌ شێخ ئەدهەم بارزانی لەڕێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندیی بە پارێزگاری سلێمانی و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە كردووە و بەڵێنیان پێداوە بەدواداچوون بۆ ڕووداوەكە بكەن و هەڵوێستی پێویست بگرنەبەر.



PM:07:42:11/05/2018