کۆمسیۆن؛ ٤٨ کاتژمێر دوای تەواوبوونی پڕۆسەکەی دەنگدان ئەنجامەکان ئاشکرادەکرێن

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، هیچ وادەیەیکش بۆ درێژکردنەوەی ماوەی پرۆسەی دەنگدان نابێت

عەلی قادر، بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە پاش بەشداریکردنی لە پرۆسەی دەنگدان لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەنوسان ڕایگەیاند، ئامێرەکانی دەنگدان زۆر بە باشی کاردەکەن و پڕۆسەکە بە خێرایی دەڕواتە پێش بۆیە ئەگەر لەسەداسەدی هاوڵاتیان بچن بۆ دەنگدان، دەتوانن دەنگ بدەن و هیچ کێشەیەک لە پرۆسەکەدا دروست نابێت.

لە ئەگەری بونی کێشە لە ئامێرەکانی دەنگدان وتیشی، كە ئەوان تیمیان هەیە و رەوانەی دەكەن و چارەسەری كێشەكان دەكەن، بەشی زۆری كێشەكانیش چارەسەركراون و وێستگەكان دەنگی لێ دەدرێت، هەروەها ئامێری سپێریشمان هەیە ئەگەر كێشە هەبێ رەوانەی دەكەین.

عەلی قادر داوای لەهاولاتیان كرد وەرەقەی دەنگدان پیس نەكەن و دوای خستنە ناو سندوقی دەنگدان پەنجەیان مۆر بكەن.

ئاماژەی بەوەشدا ، هیچ وادەیەك بۆ درێژكردنەوەی دەنگدان نابێت و لە کاتژمێر ٦ی ئێوارەی ئەمرۆ سەرجەم ئامێرەکانی دەنگدان ئۆتۆماتێکی خۆیان دەوەستن.

بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاشکراشیکرد، هەروەها ٤٨ كاتژمێر دوای پرۆسەکەش ئەنجامەكان رادەگەندرێت، هیچ ئەنجامێكیش راست نیە كە لەدەنگدانی تایبەت بڵاوكراوەتەوە، دەنگەكانیش بەئامێری "ڤیسات" كە پەیوەندی نییە بە ئەنتەرنێتەوە رەوانە دەكرێت".

کاتژمێر ٧ى بەیانى ئەمڕۆ شەممە ١٢ی ئایار، دەرگای بنکەکانی دەنگدان بەڕووی هاوڵاتیانی عێراق و هەرێمی کوردستاندا کرانەوە و هاوڵاتیان چونە سەر سندوقەکانی دەنگدان.

لەم هەڵبژاردنەدا، نزیکەی ٢٤ ملیۆن کەس لەسەرتاسەری عێراق مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش ٣ ملیۆن و ٣٣٣ هەزاریان دەنگدەری نوێن. لە هەرێمی کوردستانیش، سێ ملیۆن و ١٤٤ هەزار و ٧٣٠ کەس مافی دەنگدانیان هەیە، لەو ژمارەیەش نزیکەى ٤٠٠ هەزار کەسیان  بۆ یەکەم جار دەتوانن دەنگبدەن.

لە کۆی سەرجەم قەوارەکان کە ٢٠٥ قەوارەن  شەش هەزارو ٩٩٤ کاندیدیان هەیە لەنێو کاندیدەکانیشدا چوار هەزار و ٩٤٠ کاندیدیان پیاو و دوو هەزار و ٥٤ کاندیدیان ژنن و ڕکابەری بۆ بەدەستهێنانی ٣٢٩ کورسی پەرلەمان دەکەن.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوش دەنگدانی تایبەت لە عێراق و هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو، کە ژمارەی دەنگدەرانی تایبەت لەسەرتاسەری عێراق  ٩٣٤ هەزار و ٦٣٩ کەس بوو و، نزیکەی ٩٠٠ هەزار عێراقیش لە دەرەوەی وڵات مافی دەنگدانیان هەبوو کەلە ٢١ وڵات دەنگیان داوە.

لە دوای كۆتایی هاتنی پرۆسەكەش لەكاتژمێر ٦ی ئێوارە، كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق ئاشكرایكرد، رێژەی بەشداریكردن لەو پرۆسەیە ٧٨.٧٤% بووە.



AM:11:31:12/05/2018