"سپی" ووردەكاری هێرشكردنە سەر گردەكە ئاشكرادەكات

شەوی 12ی ئایار و دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن لەلایەن لایەنە سیاسیەكانەوە هێزێك هێرشی كردە سەر گردەكە و "سپی"یش ووردەكاری ئەو هێرشە ئاشكرادەكات.

خەلیل سەركارنی، ئەندامی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند "شەوی 12ی ئایار هەریەكە لە شێخ جەعفەر و بافڵ تاڵەبانی و حاكم قادر پەیوەندیان بە بزووتنەوەی گۆڕانەوە كردووە و وتوویانە كە دەبێت گۆڕان ئەنجامەكان قبوڵ بكات".

وتیشی "دوای ئەوەی گۆڕان ئەوە ڕەت دەكاتەوە، شێخ جەعفەر كە لە ماڵی كۆسرەت ڕەسوڵ بووە و بە ئاگاداری سەرجەم بەرپرسانی باڵای ئەو حزبە و زۆر ترسنۆكانە هێرش دەكاتە سەر گردی زەرگەتە".

سەبارەت بە بەشداری هێزەكانی لاهوری شێخ جەنگی لەو هێرشەدا ناوبراو وتی "هەموو یەكێتی بەرپرسیارە لەو هێرشە و بە ئاگاداری هەموویان كراوە و بەتەنها لاهوری شێخ جەنگی و هێزەكەی لەو هێرشەدا بەشدار نەبوون".

ئەو ئەندامەی جڤاتی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان وتیشی "ئەو هێرشە ترسنۆكانەیە تێكشكێنرا دوای ئەوەی هێزی پشتیوانی خەڵك و دڵسۆزانی گۆڕان گەیشتنە گردەكە شێخ جەعفەر و دار و دەستەكەیمان ناچار بە هەڵهاتن كرد".

شەوی 12ی ئەم مانگە و دوای بڵاوبوونەوەی بەشێك لە ئەنجامەكان لە لایەن بریكاری لایەنە سیاسیەكانەوە لە شاری سلێمانی گرژی و ئاڵۆزی دروستبوو بزووتنەوەی گۆڕان ڕایگەیاند لەلایەن هێزەكانی یەكێتیەوە هێرشكراوەتە سەر گردەكە.




AM:11:52:15/05/2018