رۆژێک پێش هەڵبژاردن
جەمیل بایک: ئەردۆغان هەر کات بەرەو تێکشکان دەڕوات دەست بەدرۆکردن دەکات

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە وەڵامی ئەو ئیدعایەی ئەردۆغانی دایەوە کە وتبوی "کادێرە سەرکردەکانی پەکەکەمان لە قەندیل بۆردومان کردووە" و رایگەیاند، هەموو ئەو قسانە بە تەواوی درۆن.

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە وتی، ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورکیا دەیەوێت بە پڕوپاگەندە و درۆ لەهەڵبژاردندا سەربکەوێت. وتیشی "ئیتر ئەو درۆکردنانە ناتوانێت ئەردۆغان رزگار بکات".

بایک لەبارەی هێرش بۆ سەر قەندیل وتی "سوپای تورک ناتوانێت بێتە قەندیل، ئەوە ئەستەمە بۆیان. ئەگەریش بێت، هیچی دەست ناکەوێت".

جەمیل بایک هاوسەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەریی کەجەکە لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) قسەی کرد.
بایک وتی "تورکیا لە دۆخێکدایە، کە بە درۆی گەورە و گوشار و شاتەشاتەوە دەڕواتەوە هەڵبژاردنەوە. تەیب ئەردۆغان ماوەی چەند رۆژێکە لە کۆبوونەوەی جەماوەرییەکاندا دەستیکردووە بە درۆکردن. دەیەوێت بە درۆکانی کۆمەڵگە فریوبدات و بە نەژادپەرستی، شۆڤێنیزم و هاندانی فاشیزم، لە هەڵبژاردندا سەرکەوتن بە دەست بهێنێت".

"زیان بە نینۆکی هەڤاڵێکیشمان نەگەیشتووە"

ئەوە چەند رۆژە لە کۆبوونەوە جەماوەرییەکاندا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن دەڵێن، کاتێک بەڕێوەبەرایەتیی پەکەکە لە قەندیل کۆبوونەوەی هەبووە، بۆردومانمان کردوون و گوایە لەو بۆردومانەدا ٣٥ هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردووە. ئەوە بە تەواوی درۆیە. نەک هیچ هەڤاڵێکی بەڕێوەبەرییمان شەهید نەبووە، بەڵکو تەنانەت شەڕڤانێکیش شەهید نەبووە و زیانیش بە نینۆکی هەڤاڵێکیشمان نەگەیشتووە. ئەوان پڕوپاگەندە لەسەر بنەمانی درۆکردن دەکەن. بەبێ ئەوەی شەرم بکەن دەستیان بەو درۆیانە کردووە.

ئەگەر هەندێک کەس درۆ دەکەن، دەبێت ئێوە هۆکارەی درۆکردنەکەی بە باشی بزانن و لێی تێبگەن. ئەو درۆکردنە مانای ئەوەیە کە تاوانی گەورەی کردوە و ناچارە، بێهێزە، لاوازە، بێزارە و لە ترسی تێکشکاندندا ئەو درۆیانە دەکات. جگە لەو پێناسەیە هیچی تر بۆ دۆخی درۆکردنە ناوترێت.

میدیای تورک وەک ئەوەی ئەو درۆیە راست بێت، دەستیان بە بڵاوکردنەوەی کردووە. ئەو میدیایانە چ میدیاکن کە ئەوە بڵاودەکەنەوە؟ ئەوانە میدیای سەر بە ئەردۆغانن و ئەو میدیایانەن، کە فەرمان لە ئەردۆغانەوە وەردەگرن. پێش هەموو شتێک بە پێی بنەماکانی کاری رۆژنامەوانی، دەبێت ئەخلاق و راستگۆیی لە کارەکەیاندا هەبێت، بەڵام ئێمە دەبینین، کە میدیای تورکیا بە گشتی لە خزمەتی ئەردۆغاندایە. ئەردۆغان چ درۆیەک بکات، ئەو درۆیە بڵاودەکەنەوە و زەقیشی دەکەنەوە. لە تەلەفزیۆن و رادیۆییەکاندا بڵاودەکرێنەوە و دەیانەوێت لەو رێگەیەوە کۆمەڵگا فریو بدەن...

لە مسوڵمانێتیدا درۆ نییە

لە مسوڵمانێتیدا درۆ نییە. درۆ بێ ئەخلاقییە. ئەردۆغان بە درۆکردن بێ ئەخلاقی دەکات. دەیانەوێت کۆمەڵگە فریو بدەن. دەیەوێت بە درۆ و فریودان دەسەڵاتەکەی بپارێزێت. دەیەوێت کۆمەڵگە بکاتە کەرەستەیەک و بە بەکاری بهێنێت. لەبەر ئەوەشە درۆ دەکات. درۆ لەبارەی عەفرینەوە دەکات. بۆ ئەوەی هەدەپە سەرنەکەوێت، لە ئیستەنبول بە دزییەوە فەرمانی رێگریکردن لە هەدەپە بە پیاوەکانی دەدات. کۆبوونەوە رێکدەخات. بە ئاژانسی هەواڵی ئەنادۆڵ (ئەی ئەی AA) دەڵێت 'هەواڵ دروست بکەن و تیایدا بنووسن بە ڕێژەی سەدا ٥٢ سەرکەوتن بە دەست دەهێنین. ئێوە دەتوانن ئەو هەواڵە بڵاوبکەنەوە'. لە پرسوس وڵاتپارێز دەکوژن و بە بەردەوامیش پڕوپاگەندە دەکەن و دەڵێن، ئەو کۆمەڵکوژییە پەکەکە و هەدەپە ئەنجامیان داوە. ئەوەشیان بە کەم زانی و هەوڵیاندا، ناوی پاڵێوراوی جەهەپە بۆ سەرۆک کۆماری تێکەڵ بەو رووداوە بکەن. بە کورتی دەیانەوێت سەربکەون. ئەوانە بەشی سەرکەوتنیان ناکات بۆیە وتیان، کۆبوونەوەی بەڕێوەبەرایەتیی ئێمەیان لە قەندیل بۆردومانکردووە و ٣٥ هەڤاڵی ئێمەیان شەهید کردووە. بە بەردەوامی ئەوە دووبارە دەکەنەوە. بە هەموو ئەو شتانە دەیانەوێت گەلانی تورکیا فریو بدەن. دەیانەوێت بە درۆکردن هەڵبژاردن ببەنەوە و دەسەڵاتەکەیان لەسەر کار بهێڵنەوە".

ئیتر درۆکانی ئەردۆغان بڕ ناکەن

لە ناو کۆمەڵگەدا دەوترێت 'تەمەنی درۆ کورتە'. ئیدی درۆکانی ئەردۆغان بڕ ناکەن. تاوەکو ئێستا بە بەردەوامی دەیتوانی بە درۆکانی کۆمەڵگە لە خشتە ببات. زۆر کەس و لایەنەی بە درۆکانی هەڵخەڵەتاند، بەڵام ئیتر کۆتایی بەو درۆیانە هات. ئیدی کەس هەڵناخڵەتێت. ئێستا درۆی ئەوەی کە لە قەندیلیان داوە و گوایە ٣٥ هەڤاڵی ئێمەیان لە کۆبوونەوەیەکەدا شەهید کردووە، درۆیەک بوو کە تەمەنی زۆر کورت بوو. ئەو میدیایەی کە پێی دەڵێن، میدیا لایەنگرەکانی بۆ ئەو درۆیە بوونە ئامڕاز. ئەوەش هەموو شتێک دەخاتە بەرچاومان و هەموو شتێک روون دەکاتەوە. هیچ شتێکی لەو جۆرە نەبووە و رووی نەداوە. نە بەڕێوەبەرانی ئێمە، نە شەڕڤانەکانیشمان، هیچ کەسێک شەهید نەبووە و بریندار نەبوون. ئەوە بە تەواوی پڕوپاگەندەیەکی رەش و قێزەونە.
هەموان دەزانن قەندیل بە بەردەوامی بۆردومان دەکرێت. تاوەکو ئێستا زۆر جار بۆردومانیان کردووە. زۆر فڕۆکەش بەشدارن لە بۆردومانەکەدا. بە بەردەوامی قەندیل بۆردومان دەکەن، بەڵام بۆردومانەکان هەر وەک بۆردومانەکانی پێشووترن و بەردەوامییان هەیە. بەڵام سەرباری ئەوەش دەڵێن 'ئێمە لە قەندیل نزیک بووینەتەوە. ئەوەندە کیلۆمەترمان ماوە بگەینە قەندیل، ئێمە ئەنجام بەدەست دەهێنین' بە بەردەوامی ئەو قسانە بۆ میدیاکان دەکەن. تاوەکو ئێستا لە زەمینەوە نەگەیشتوونەتە قەندیل، بەڵام بە بەردەوامی فڕۆکە قەندیل بۆردومان دەکات. ئەو بۆردومانکردنانە راستە. هەر بە درۆکانیاندا دیارە کە تاوەکو ئێستا بەو بۆردومانانە هیچیان دەست نەکەوتووە.
هاتنە قەندیل ئەوەندەش ئاسان نییە

ئەوەندەش ئاسان نییە بۆیان کە بێنە قەندیل. تەنها کاتێک دەتوانن بێنە قەندیل، کە پارتی دیموکراتی کوردستان (پەدەکە) هاوکارییان بکات و پشتیوانییان لێ بکات و لەگەڵ داگیرکردنی قەندیل دا بێت، ئەوا تورکیا دەتوانێت لە وشکانییەوە بێتە قەندیل، چونکە تاوەکو قەندیل مەودایەکی دوور و درێژیان لە بەردەمدایە. چیایان لە بەردەمدایە، دۆڵیان لە بەردەمدایە. ئەوەندە ئاسان نییە کە تورکیا بتوانێت بە تەنها بێتە قەندیل. ئەگەریش بێن هیچ لە گۆڕیدا نییە تاوەکو ئەنجامی بدەن. دەبێت هەموو کەس لەوە تێبگات.

ئەردۆغان فاشیستەکانی لە دەوری خۆی کۆکردووەتەوە و هاوپەیمانییەکی لەگەڵ فاشیستەکاندا دروستکردووە. بە بەردەوامی لەگەڵ ئەو فاشیستانەدا شاتەشات دەکات و هەڕەشە دەکات. گوشار دەکات، مرۆڤەکان زیندانی دەکات، کۆمەڵکوژی ئەنجام دەدات و هەواڵی درۆ بڵاودەکاتەوە. دەیەوێت لەو رێگەیانەوە کاریگەری لەسەر رای گشتی دروست بکات و لە هەڵبژاردندا سەربکەوێت.
ئەگەر مرۆڤێک بە بەردەوامی درۆ بکات و بە بەردەوامی کار بە مەکینەی درۆ بکات، ئەوە نیشانەی ئەوەیە، کە ئیتر کۆتایی پێهاتووە. نیشانی دەدات، کە ناچارە، دەترسێت و دەیەوێت تاوانەکانی بشارێتەوە.

ئەردۆغان ئومێدی خۆی سەر مەکینەی درۆ هەڵچنیوە

ئەردۆغان مەکینەیەکی درۆکردنە و تەنها کار بە مەکینەی درۆکردن دەکات، چونکە ئومێد و هیواکانی لەسەر مەکینەی درۆ هەڵچنیوە. شوێنکەوتووەکانیشی کار بە مەکینەی درۆ دەکەن. یەکێک لەو کەسە سەرەکییانەی کە کار بە مەکینەی درۆ دەکات سولەیمان سۆیلو-یە. ئەو درۆی زیاتر لە ئەردۆغان بەرهەم دەهێنێت، بەڵام کەس زۆر حساب بۆ درۆکانی ناکات. بۆ نمونە وەک ئەوەی لە پرسوس وڵاتپارێزان کوژران و ئەو هات و وتی 'پەکەکە، هەدەپە و جەهەپە ئەو کارەیان کردووە. لەلایەن موحەڕەم ئینجەوە هاوکاری کراون و ئەوەش هۆکاری رووداوەکەیە'. دەیەوێت بەوشێوەیە شتەکان پێچەوانە بکاتەوە. دەیانەوێت لەو رێگەیەوە لە ناو رای گشتیدا پشتیوانییەک بۆ خۆیان دەستەبەر بکەن.

رەوایەتیی بۆ هەڵبژاردن نەهێشتووەتەوە

ئەو کارانەی ئەوان لە ئێستاوە رەوایەتیی بۆ هەڵبژاردن نەهێشتووەتەوە. ئەم هەڵبژاردنە زۆر بە رەوا نازانرێت. ئەردۆغان بە ئاشکرا دەڵێت 'چی دەبێت با ببێت، دەبێت هەموو دەرفەت و تواناکان بخرێنە کار بۆ ئەوەی هەدەپە لە خوار بەربەرستەکەوە بێمێنتەوە'. ئەو جۆرە فەرمانانە لەبارەی هەدەپەوە بە هەموو کەسێک دەدات. لە پرسوس بە کۆمەڵکوژیی کوردان چاوترسێن دەکەن تاوەکو کەس دەنگ بە هەدەپە نەدات. سەرباری هەموو ئەوانەش دێن، درۆ لەبارەی قەندیلەوە دەکەن. ئەوان دەیانەوێت ورەی هەموو کەسێک بڕوخێنن. دەیانەوێت بێ بڕوایی، بێ متمانەیی و بێ ئیرادەیی بڵاوبکەنەوە تاوەکو لە هەڵبژاردندا سەربکەون.

ئەو فرتوفێڵ و درۆیانە پووچ و بەتاڵن. بەو درۆیانە ناتوانن کۆمەڵگە فریو بدەن. بەڵکو تاوەکو ئێستا ئەنجامێکیان لەو درۆکردنانە دەست کەوتبێت، بەڵام ئیدی ئەنجامی نابێت بۆیان. گەلانی تورکیا بە تایبەتی کۆمەلگەی مسوڵمانان ئەوەیان بینی، کە ئەردۆغان تاوەکو چ رادەیەک درۆ دەکات و تا چەند درۆزنە. دوایین درۆشی درۆکردن بوو لەبارەی قەندیلەوە. ئەوەش راستیی کەسایەتیی ئەردۆغان دەردەخات، کە چ کەسایەتییەکی هەیە.

ئەردۆغان و تیمەکانی چیللە و ئاغار

ئەردۆغان هەر یەک لە محەمەد ئاغار، تانسو چیللە ر و دەوڵەت باخچەلیی داوەتە پاڵ خۆی، دەیەوێت بە شاتەشات و هەڕەشەکردن و چاوسوورکردنەوە و زیندانیکردن و کوشتن و گوشار بەرامبەر بە ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا، ئەنجامێکی دەست بکەوێت.
هەندێک لە دەوڵەتە رۆژئاواییەکان هێشتا پشتیوانی لە ئەردۆغان دەکەن. مرۆڤ لەوان تێناگات. باسی مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکەن، بەڵام دەشزانن ئەردۆغان لە تورکیا قەڵایەکی فاشیزمە. هەموو شێوازەکانی فاشیزم بەکار دەهێنێت. دەیەوێت هێزە دیموکراسیخوازەکان و گەلان پاکتاو بکات و بیانسڕێتەوە. چۆن ئەوە نابین، کە دەیەوێت لەو رێگەیەوە (لە رێگەی فاشیزمەوە) لەسەر دەسەڵات بمێنێتەوە، چۆن لەوە تێناگەن، چۆن ئەوان (دەوڵەتە رۆژئاواییەکان) بەو ڕادەیە لە بەها و نرخەکانی خۆیان دووردەکەنەوە، من ئەوانە بۆ گەلەکەمان و هێزە دیموکراسیخوازەکان بەجێدەهێڵم.



PM:09:27:23/06/2018