قەیس خەزعەلی داوای گۆڕینی سیستمی حکومڕانی عێراق دەکات

ئەمینداری گشتی عەسائیبی ئەهلی حەق، داوای گۆڕینی سیستمی حکومڕانى عێراق دەکات لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتی یان نیمچە سەرۆکایەتى و بە هۆکاری رزگاربوونی وڵاتیشی دادەنێت لە گەندەڵی.

قەیس خەزعەلی، لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، سیستمى پەرلەمانى چارەسەری سەرەکی پشکپشکێنە و دۆخی گەندەڵی و گەندەڵکاران ناکات لە وڵاتدا.

داواشى کردووە هەموو لایەنە سیاسییەکانى عێراق هاوکاربن لە گۆڕینی سیستمی حکومڕانى وڵات بۆ سەرۆکایەتى یان نیمچە سەرۆکایەتى.

وتەکانی قەیس خەزعەلی لە کاتێکدایە نزیکەی چوار مانگ تێپەڕبووە بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقدا و تا ئێستا لایەنە سیاسییەکان نەگەیشتوونەتە رێککەوتن لەبارەی دروستکردنى گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی بۆ پێکهێنانى حکومەتى نوێ.

پێشتریش خۆپیشاندەرانى شارەکانى ناوەڕاست و خوارووى عێراق بەهەمان شێوە داواى گۆڕینى سیستمى حکومڕانى عێراقیان کردبوو لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆکایەتى.



PM:02:08:23/08/2018