مالیکی باسی دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی دەکات

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا جارێکی دیکە باسی دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی لە عێراق دەکاتەوە.

رۆژی شەممە 1/9/2018، نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە راگەیەندراوێکی لە پەیجی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک پەیامێکی بۆ گەلی عێراق و "هێزە نیشتمانییەکان" ناردووە.

نوری مالیکی پێی وایە ناکۆکیی و دابەشبوونی هێزە سیاسییە عێراقییەکان و دەستوەردانە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان لە کاروباری ناوخۆی عێراق یەکێتیی خاکی عێراق دەخاتە مەترسییەوە.

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا هۆشداریی لە روودانی شەڕی ناوخۆیی لە وڵاتەکەی دەدات و "دەستوەردانە دەرەکییەکان"یش بە هۆکاری سەرەکیی لە ئەگەری دروستبوونی شەڕی ناوخۆیی، دادەنێت.

نوری مالیکی ئامۆژگاریی هێزە عێراقییەکان دەکات گوێ بە ئاژاوەکان نەدەن، کە "هێزە دەرەکییەکان" لە دەرەوە دژی عێراق دەیگێڕن و وەک ئاماژەیەکیش بۆ دوورکەوتنەوە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران و ئەمریکا، رایگەیاندووە، "بەو رێیەدا ناڕۆین، کە وڵاتانی هەرێمی و گەورە" دەیانەوێ.



PM:02:41:01/09/2018