ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی بەفەرمی لەسەر دواخستنی هەڵبژاردنەکان بڕیاریدا

ئەمڕۆ چوارشەممە ٥ی ئەیلول ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەبارەی تاوتووێی چەند پرسێكی ناوخۆیی و عیراقی کۆبووەوە، لە پاش کۆبونەوەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە راگەیەندراوێکدا کە میدیای فەرمی یەکێتی بڵاوکردووەتەوە، تیایدا ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی ئاماژە بەوە دەکات، یەكێتی بڕیارو سیاسەتی دیموكراسی ئەوەیە هەڵبژاردن لەكاتی خۆیداو دوور لەگومان ‌و نیگەرانییەكان ئەنجامبدرێ‌، بۆ ئەنجامدانیشی تەواوی ئامادەكارییەكانی سازداوە،

هەروەا دەلێت، ئەگەر زۆربەی لایەنە سیاسیەكان لەڕێی كۆمسیۆنەوە پەیامی رونی خۆیان بگەیەننە سەرۆكایەتی حكومەت ‌و بەڕەسمی حكومەت پەیامەكە بگەیەنێتە پەرلەمان ‌و پەسەندی دواخستنی هەڵبژاردن بكرێ‌ یەكێتی پەسەندی دەكات. 
 

دەقی راگەیەندراوەکە...

گەلی ئازادیخوازی كوردستان ! 

رای گشتی دیموكراتیخواز !

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، رۆژی (5/9/2018) بەسەرپەرشتی كۆسرەت رەسوڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی، سەربارەت بەدۆخی عیراق‌ و هەڵبژاردنی كوردستان، كۆبونەوەی تایبەتی سازدا، دوای هەڵسەنگاندنێكی هەمەلایەنەی دۆخی عیراق‌و چۆنیەتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی كوردستان، كۆبونەوە وێڕای سوپاسی وەفدی هاوبەشی دانوستان، كە لە چەند رۆژی رابوردودا، توانیان، پرسی سەنگی كوردستان‌و هاوسەنگی بڕیاردان، لەناو كێشمەكێشەكانی ناوچەكە‌و عیراق‌و لایەنە كوردستانیەكان بپارێزن، لەسەر دۆخی عیراق‌و چۆنیەتی پێكهێنانی كابینەی  حوكمەت، كۆبونەوە بڕیاری دا كەوا:

 

دوا وادەی دانیشتنی پەرلەمانی  عیراق (15/9/2018)، لە ئێستاوە هەتا ئەوكاتە، كات بەدەستی سەركردایەتی سیاسی كوردستانەوە هەیە، چاودێری سیاسەتی جیهانی‌و ناوچەیی‌و ناوخۆیی عیراق بكات، زانیاری زیاتر كۆبكاتەوەو چاوەڕوان بین، وەڵامی رەسمی پرۆژە هاوبەشەكەی یەكێتی‌و پارتی لەلایەن لایەنەكانی عیراقەوە بدرێتەوە، هەتا بزانرێ‌، چ لایەنێك، بەڕاستی ئامادەیە، كێشە ئابوری‌و سیاسی‌و دەستورییەكانی عیراق‌و مافەكانی گەلی كوردستان، چارەسەركردنیان دەستەبەر بكات، بەمەش، بەرچاومان رون دەبێتەوە بۆ  دوابڕیاردان لەسەر ئەم پرسە چارەنوسازە. 

دەربارەی پێكهێنانی حكومەتی عیراق‌و رێكخستنەوەی پەیوەندی نێوان هەرێمی كوردستان‌و بەغدا. بێگومان بنەمای رێكەوتنمان بەرژەوەندی باڵای گەلەكەمان‌و پێكهێنانی حكومەتێكی پابەند بەدەستورو بنەمای شەراكەتی راستەقینەی و دوور لە دەسەڵاتی تایفەگەریە

جەخت كرایەوە كە، پەیوەندی هاوسەنگی یەكێتی‌و پارتی‌و پرۆژە هاوبەشەكەی نێوانیان گرنگەو زۆر گرنگیشە هەوڵبدرێ‌ پەرە پێبدرێ‌ بۆ ئەوەی لایەنە كوردستانیەكان بگرێتەوەو پرۆژەكەش دەوڵەمەند بكرێ‌. 

سەبارەت بەهەڵبژاردنی كوردستانیش، یەكێتی، بڕیارو سیاسەتی دیموكراسی ئەوەیە، هەڵبژاردن لەكاتی خۆیداو دوور لە گومان‌و نیگەرانییەكان ئەنجامبدرێ‌. بۆ ئەنجامدانیشی، تەواوی ئامادەكارییەكانی سازداوە. 

ئاشكراشە هەڵبژاردن بۆ حزب‌ و لیستەكانە، ئەگەر زۆربەی لایەنە سیاسیەكان، لەڕێی كۆمسیۆنەوە، پەیامی رونی خۆیان بگەیەننە سەرۆكایەتی حكومەت‌و بەڕەسمی، حكومەت، پەیامەكە بگەیەنێتە پەرلەمان‌و پەسەندی دواخستنی هەڵبژاردن بكرێ‌، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانیش، پەسەندی دەكات. 

گەلی خۆڕاگری كوردستان ! 

دۆخێكی نوێ‌ لە ناوچەكەو لەناو عیراق‌و لەناوچە كێشە لەسەرەكانی مادەی (140) هاتۆتە پێشەوە، سەركردایەتی یەكێتی، سورە لەسەر ئەوەی پشتیوانی بۆ مافە دیموكراسی‌و دەستورییەكانمان لەسەر ئاستی دونیاو ناوچەكە لە دەست نادەین. 

ئومێدەواریشین، هەموولایەك، پێگەو رێگەی گەلەكەمان لە عیراق‌و كوردستان‌و ناوچەكەدا وەك خۆی بخوێننەوە. كورد چەند پێویستی بەپشتیوانی نێودەوڵەتییە، ئەوەندەش پێویستی بەدۆستایەتی ئیقلمیە. بۆیە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سورە لەسەر: 

- سیاسەتی هاوسەنگی لە ناوچەكەو عیراقدا.

- یەكڕیزی هێزە كوردستانییەكان لە كوردستاندا.

- جێبەجێكردنی تەواوی مادە‌و بڕگەكانی دەستور، دوور لەڕوانگەی تایفەگەری‌و هێشتنەوەی حكومەتی عەسكەری، لە ناوچە كێشە لەسەرەكان.

- هێزی پێشمەرگە‌و ئاسایش‌و پۆلیسی كوردستان، بەهاوبەشی لەگەڵ پۆلیسی ئیتحادی، بەرپرسیارێتی ئاسایشی ناوچە كێشە لەسەرەكانیان پێ‌ بسپێردرێت. 

- ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەزووترین كات كۆببنەوەو ئەركە یاساییەكانی دوا هەڵبژاردن ئەنجامبدات. 

- چارەسەری ریشەیی بودجەو موچ و نەوت‌و گاز.

ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان
(5/9/2018)




PM:06:02:05/09/2018