سەفین دزەیی: باری ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو باشتربوون دەچێت

وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایگەیاند، باری ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەو باشتربوون دەچێت، ئامانجی حکومەتیش ئەوەیە پاشەکەوت نەمێنێت و پڕۆژەکان دەستپبێکەنەوە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە هەولێر، سەفین دزەیی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی چەند پرسێک وەڵامی رۆژنامەوانانی دایەوە.

سەبارەت بە دۆخی دارایی هەرێمی کوردستان، سەفین دزەیی وتی "پیویستە میدیاکاران هاوکاربن لەبەر چی هەرێمی کوردستان گەیشتە ئەو قۆناخە و لەبەر چ ئەو قەیرانە داراییە دروستبوو. هۆکارەکان زۆرن، بەڵام خەریکە بەشێکی باش لەو هۆکارانە نامێنن".

سەفین دزەیی وتیشی "باری ئابووری هەرێمی کوردستان بەرەو باشتربوون دەچێت، لە مانگی 3وە تا ئێستا مانگانە 30 رۆژ جارێک مووچە دەدرێت. هاوکات ئەو کۆمپانیایانەی پێشتر دەستیان لە کارەکانیان هەڵگرتبوو، بەتایبەتی کۆمپانیا بیناییەکان لە بواری وزە، بەشی هەرە زۆریان گەڕاونەتەوە، نەک کارەکانی پێشوویان دەکەن بەڵکو ئێستا کاری زیاتریش دەکەن".

راشیگه‌یاند "بەهەمانشێوە کۆمپانیا خۆماڵییەکانیش خەریکە ئەو متمانەیەی بە حکومەت و بەو پڕۆژانەی لەلایەن حکومەتەوە پاڵپشتیدەکرێت، دووبارە دەستبەکاردەبنەوە، بەتایبەتی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان، بەشێک لەو کۆمپانیا خۆماڵییانە بەشێوازی قەرز پڕۆژەکانیان ئەنجامدەدەن، ئەوەش دەلالەتی ئەوەیە کە متمانەی تەواویان بە حکومەتەکەیان هەیە، کە لە داهاتوودا ئەو قەرزانە دەدرێنەوە".

لەبارەی لابردنی یەکجارەکی پاشەکەوتی مووچە، وتەبێژی حکومەت رایگەیاند "راستە تا ئێستا کێشەی پاشەکەوتی مووچە ماوە، بەڵام ئەگەر بەراوردی بکەین دەبینین بە رێژەیەکی بەرچاو دەستکاریکراوە. هەر بڕێک لە داهات زیاتر بێت و ئەو بڕە پارەی بەغدا بەردەوامبێت، بێگومان هەموو ئامانجەکە ئەوەیە پاشەکەوت بە یەکجاری نەمێنێت و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان زیادبکرێن، داواکاری هاوڵاتییان لە بواری کارەبا و ئاو و خزمەتگوزاری دیکە، کە پێشتر لە 3 بۆ 4 ساڵی رابردوو تەقریبەن راوەستابوو، خەریکە باشتر ببێت، بێگومان کاتی دەوێت، بەڵام ئەوەی وەک ئاماژەیە ئێستا ئومێدبەخشە، حکومەتیش بەردەوامدەبێت لە کارەکانی خۆی".



PM:02:40:13/09/2018