کۆمسیۆن ڕێنمایی ڕۆژی دەنگدانی بڵاوکردەوە

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم رێنماییەکانی بۆ رۆژی دەنگدانی تایبەت لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بڵاوکردەوە.

کۆمسیۆن لە نوسراوێکی فەرمیدا کە ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانی کردووە، رایگەیاندووە، پێویستە هێزەکانی ناوخۆ پابەند بن بە هەڵنەگرتنی چەک بۆ ناو بنکەکانی دەنگدان و دەرەوەی بنکەکان لە دووری ١٠٠ مەتر.

ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە ئەو هێزانە پابەند بن بە نەبردنە ژوورەوەی موبایل و ئامێرەکانی پەیوەندیکردن بۆ ناو بنکەکانی دەنگدان لە رۆژی هەڵبژاردندا.

هەروەک داواشی کردووە، پابەندی سەرجەم ئەو رێنماییانە بن کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمەوە سەبارەت بە پرۆسەی هەڵبژاردن بڵاوکراونەتەوە.

کۆمسیۆنی هەرێم راشیگەیاندووە، لە کاتی بوونی هەرجۆرە پێشێلکارییەک لەلایەن هەریەک لە ئەندامانی هێزە تایبەتەکانەوە لە بنکەکانی دەنگدان، ئەوا بەرپرسی هێزەکە و کەسی پێشێلکار بەرپرسیار دەبن و لێپێچینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت.

بڕیارە ٣٠ی ئەم مانگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و ڕۆژی هەینی داهاتووش هەڵبژاردنی تایبەت ئەنجام دەدرێت.



PM:02:52:23/09/2018