ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی: ئەوانەی كەركوكیان جێهێشت پێش هەموكەس لە بەغدا بوون

ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی‌ كوردستان رایگەیاند كە خەڵك لە هەڵوێستی دووفاقی هەندێك حزب تێگەیشتوون و دەڵێت "  ئەوانەی كەركوكیان جێهێشت پێش هەموكەس لە بەغدا داوای پۆست دەكەن".

بێگەرد تاڵەبانی، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەڕی‌ فەرمی حزبەكەی‌ وتی‌ "یەكێتی لەسەرەتای دروستبوونییەوە دروشمی مافی چارەی خۆنوسینی هەڵگرتووە و لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری داوە، بەڵام هەندێك حزب تەنها بە دروشم داوای ئۆتۆنۆمی بۆ كورد دەكەن و كاتێك پرسە نیشتمانییەكان دێتە پێشەوە، بەرژەوەندی حزبی پێش بەرژەوەندی خەڵكی كوردستان دەخەن".

وتیشی "حزب هەیە لە هەڵبژاردنی رابردووی پەرلەمانی عیراقدا لەپرۆسەكە كشاوەتەوە، بەڵام لەئێستادا كە هەوڵدەدرێت بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق، لەپێش هەموو حزبەكانەوە بوون لەبەغدا و داوای پۆستیان دەكرد".

بێگەرد تاڵەبانی ئەوەشی خستەڕوو كە "ساڵی رابردوو لەم رۆژەدا 25-9 لە هەرێمی كوردستان ریفراندۆم بەڕێوەچوو، لەگەڵ ئەوەی یەكێتی ئەو مافە بۆ گەلی كورد بە رەوادەبینێت، بەڵام پێشتریش ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی لەسەر كاتی ئەنجامدانی ریفراندۆم قسەی خۆی هەبووە و پێی وابووە كاتەكەی گونجاو نەبووە".

ئەوەشی‌ خستەڕوو كە "هەر ئەو نكۆڵییكردنەش بوو وایكرد كە رێژەیەی بەرچاوی خاكی كوردستان لەدەست بدەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یەكێتی ئامادەنەبوو كەركوك جێبهێڵێت و وەك تاكە حزبی كوردی لەو شارە مایەوە".

ناوبراو راشیگەیاند كە "بۆیە خەڵكی كوردستان ئێستا لەو راستییە تێگەیشتوون كە تەنها یەكێتییە بۆ پرسە نیشتمانییەكان تێدەكۆشێت و لەو پێناوەشدا قوربانی زۆری داوە".



AM:09:55:26/09/2018