كەشناسی ڕێنمایی بۆ لافاو دەداتە هاوڵاتیان

بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی بوومەلەرزەزانی ھەرێم چەند ڕێنمایەكی ھۆشیاری سەبارەت بە خۆپاراستنی لە لافاو بڵاوكردەوە هەتا هاوڵاتیان لە كاتی ئەو ڕووداوە سروشتیە ڕووبەڕووی كەمترین زیانی گیانی و مادی ببنەوە.

١ – ڕێنمایی گشتیی:

• تا بكرێت بە ھەموو شێوەیەك لەو باڵەخانانەی راستەوخۆ كەوتوونەتە نێو رێڕەوەی سەرەكیی لافاوەكەوە دووربكەوە.
• دیواری ئەستوورو توندوتۆڵی وەك بەربەست لە دەوروبەری خانووەكەت دروست بكە ئەگەر لەناوچەیەك دەژیای كە ئەگەری روودانی لافاوی لێ زیاتربێ لە ئەوانی دیكە تاوەكو ھەڕەشەی ھاتنە ژوورەوەی ئاو بۆ ناو خانووەكەت دوور بخەیتەوە.
• دیواری خانوو یان نھۆمەكانی زەمینی بە دیواری ئەوتۆ دروست بكرێن كە دژە دزەكردنی ئاوبن بۆ دوورخستنەوەی نەوەك تەنھا ئاوی لافاو بەڵكو ھەموو جۆرە شێیەك كە كاردەكاتە سەر تەواوی پەیكەری بینایەكە.
• بەدواداچوونی بەردەوامی دەزگاكانی راگەیاندن، بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی زۆری رێژەی باران بارین لە ناوچەكەتدا.

٢- لەكاتی نزیكبوونەوەی زۆری روودانی لافاودا:

• پێشوەختە، جانتایەك ئامادەبكە كە ھەموو دیكۆمێنتە كەسییە گرنگەكانی خۆت و خانەوادەكەت و چەند جۆرە داوو دەرمانێكی زۆر پێویستی تیادا كۆبكەوە.
• ئەگەر دەسەڵاتداران داوایان لێكردی ماڵەكەت جیبَھێڵی ئەوا دەستبەجێ و بێ دواكەوتن جێیبھێڵە.
• تا پێت بكرێ بڕۆ ناوچەو شوێنە بەرزەكان.
• ئەگەر پێتكرا، ئەوا كەلو پەلە بەھادارو گرنگ و پێویستەكانت زووتر بگوازەوە نھۆمی سەروە یان ھەر ژوورێك كە لەسەرووی نھۆمی زەویدا بێت.
• دەستبەجێ سویچی سەرەكیی كارەبای ماڵەوەت بكوژێنەوە.

٣ – لەكاتی روودانی لافاودا:

• بەھیچ شێوەیەك بەنێو تەوژمی ئاوە بەخوڕ رۆیشتووەكاندا مەڕۆ ئەگەر قووڵاییشیان كەمبێت، چونكە ئەگەر قوڵایی رێڕوێكی لافاو تەنھا ١٥ سانتیمەتر بێت، ئەوا دەستبەجێ دەتخاتە سەر زەوی و دەكەوییە نێو تەوژمی ئاوەكە.
• ئەگەر ناچار بوویت لەنێو ئاودا بڕۆیت، ئەوا تا پێت دەكرێ بەنێو ئەو ناوچانەدا بڕۆ كەوا تەوژمی لێ نییەو دارێكیش بەدەستەوە بگرەو بەردەوام لە ئاستی قووڵایی ھەنگاوەكانی پێش خۆت دڵنیابە ئینجا ھەنگاو بنێ.
• بەھیچ شێوەیەك ئۆتۆمبێل لە ناوچە نقومبوو یان نیمچە نقومبووەكاندا لێ مەخوڕە، وە كاتێك لەناو ئۆتۆمبێل بوویت و بە ئاو گەمارۆ درای، ئەوا دەستبەجێ جێی بھێڵەو تا پێت دەكرێ بەرەو ناوچەیەكی بەرزتر بڕۆ.
• ئەگەر بە تەواوی تەڕ ببوویت، ئەوا بەھیچ شێوەیەك دەست لەھیچ جۆرە كەل و پەل و ئامێرو كەرەستەیەك مەدە كە پەیوەندی بە كارەباوە ھەبێت، بە تایبەتیش ستوونەكان.

٤ – لە دوای وەستانی لافاوەكە:

• بەردەوام بەدواداچوونی دەزگاكانی راگەیاندن بكە بۆ زانینی سنووری كارتێكردنی لافاوەكەو ئەو ناوچانەی كە زۆر پێیوە كاریگەربوونە.
• بەھیچ شێوەیەك لەناوچە نقوومبووەكاندا نزیكە مەبەوە، چونكە زۆرجار ئەو جۆرە ناوچەو ئاوەكانیان بە مادەی كیمیایی جۆراوجۆری ژەھراویی یاخود بە نەوت و بەنزین و ئاوی زێرابەكانەوە پیسبوونە، ئەمە جگە لە ھەڕەشەی بەردەوامی بەركەوتن بە تەزووی كارەبا لە ھێڵە لێك ئاڵاوەكاندا.
• تا بكرێ تەنانەت لە ناوچە وشكەكانیش لە ھێڵەكانی كارەبادا دووربكەوە.
• بەھیچ شێوەیەك لەو باڵەخانانە نزیك مەبەوە كە بە تەواوەتی بە ئاوەوە گەمارۆدراون.
• تا دەسەڵاتدارو دەزگای بەرپرس رێگەت پێنەدات، لەخۆتەوە دووبارە مەگەڕێوە نێو ماڵەكەت.
• بۆكس و مەنھۆڵ و زێرابەكان شوێنی یەكجار زۆر مەترسیدارن و لەو حاڵەتانە بەھیچ شێوەیەك لێیان نزیك مەبەوە.
• ھەر شتێك كە تەڕ بووبێت، بەڵام بواری دووبارە بەكارھێنانەوەی ھەبێت، ئەوا پێش بەكارھێنانەوەی بە مادەی تایبەت پاكی بكەرەوە پێش ئەوەی بەكاری بھێنیتەوە.

هەفتەی ڕابروو بەهۆی بارینی بارانی بە لێزمەوە لە بەشێك لە شارەكانی هەرێمی كوردستان لافاو دروست بووە بەوهۆیەوە زیانی مادی بەر هاوڵاتیان كەوتووە، بە جۆرێك تەنها لە سنوری ئیدارەی ڕاپەرین و ناوچەی باڵەكایەتی حەوت پرد ڕووخان ئەمە جگە لە ڕووخانی چەندین خانوو و زیانێكی زۆریش بەر ڕەز و باخ و مێشی هەنگەوانان و تۆڕی ئاوو كارەبا و بەروبومی جوتیاران كەوت.




PM:01:57:29/10/2018