سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردن بەسەر خانمە هونەرمەندێکی کورد دا دەسەپێندرێت

پێشبینی دەکرێت دادگای تورکیا سزای ١٥ ساڵ زیندانیکردن بسەر خانمە هونەرمەندی کورد "جانێ"دا بسەپێنێت، کە دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا لە شاری ئەدەنە لە نزیک ئەستەنبوڵ بە تۆمەتی یارمەتیدانی هێزەکانی یەپەگەی ڕۆژئاوا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا.

دیلان کچی هونەرمەند جانێ ڕایگەیاند، دایکی دوو ڕۆژ پێش هەڵبژاردنەکانی تورکیا لەلایەن ئاسایشی ئەستەنبوڵەوە دەستگیرکراوە.

دیلان بۆ ئێن ئاڕتی باسی لەوەشکردووە، "پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ١٥ ساڵ سزای زیندانیکردن بەسەر دایکمدا بسەپێنرێت، ئەویش بە تۆمەتی یارمەتیدانی هێزەکانی یەپەگەی ڕۆژئاوا و بەرهەمهێنانی فیلمێک کە باس لە ڕۆڵی پێشمەرگە و گەریلاکانی کورد دەکات بەرامبەر گروپی تیرۆرستی داعش."

بڕیارە ڕۆژی دوو شەممەی داهاتوو بە هاوکاری ڕۆژنامەنووسێکی کورد لەسەر ئەو پرسە لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا کۆببنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، پێشتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەنووسی ئەنگێلا مێرکل ڕاوێژکاری ئەڵمانیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیادا، مێرکل بەڵێنی بەو ڕۆژنامەنووسە داوە کە بەدواداچوونی ورد لەسەر کەیسی جانێ بکات؛ بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای ڕاسپاردووە کاری جددی لەو دۆسیەیەدا بکات.

جانێ حەیران لە شاری ئامەدی باکوری کوردستان لەدایکبووە و سەرەتا بە گۆرانیی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی دەستی بە کاری هونەری کردووە، نزیکەی ١٩ ئەلبومی هەیە لەگەڵ چەند کلیپێکدا، ماوەی ٢٣ ساڵە لە ئەڵمانیا دەژی و ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتەی هەیە.


PM:11:40:02/11/2018