سەدر هێرش دەکاتە سەر سەرکردە سونەکانی عێراق

موقتەدا سەدر سەركردەی هاوپەیمانیی سائیرون بەتوندی هێرشی كردە سەر سەركردە سونەكانی عێراق و دەڵێت "رابوونێك بەڕێوەیە راتاندەماڵێت".

موقتەدا سەدر لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی تویتەر نووسینێكی لەسەر سەركردە عەرەبە سونەكان بڵاوكردووەتەوە و بەگەندەڵكار وەسفی كردوون، ناراستەوخۆش هێرشی كردووەتە سەر محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەرلەمان كە نوێنەرایەتی پێكهاتەی سونە دەكات.

موقتەدا سەدر لە تویتەكەیدا دەڵێ "برا سونە میانڕەوەكانم، حەیف ستەمتان لێ كراوە، هەموو ئەوانەی بەنێوی ئێوەوە نێردراونەتە پەرلەمان، هیچ گرنگییەك بەئێوە نادەن، ئەمە بەسەر ئێمەشدا هات و وا خەریكین هەندێكیان دەگۆڕین، من لەوپەڕی ئامادەبەشیدام بۆ هاوكاریكردنتان لەپێناو گۆڕینی ئەوانە حەز دەكەن بیانگۆڕن".

سەدر هەروەها نووسیویەتی "رابوونی سونەكان بەڕێوەیە لە دژی سیاسەتمەدارە گەندەڵەكانیان، رابوونی عێراق بەڕێوەیە دژی سیاسەتمەدارە زۆردارەكان، رابوونێكی عەرەبی بەڕێوەیە دژی ئەو سیاسییانەی تایفەگەری دەچێنن".



PM:06:48:22/11/2018