سزای زیندانیکردن بەسەر سێ بەرپرسی باڵای عێراق دەسەپێنرێت

فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی سەر بە دەستەی دەستپاکی عێراق رایگەیاند، لەلایەن دادگاکەیانەوە سزای زیندانیکردن بۆ وەزیری پێشووتری بازرگانی عێراق و دوو بەڕێوەبەری گشتی ئەو وەزارەتە دەرکرا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 29ی تشرینی دووەم، لە بەیاننامەیەکدا فەرمانگەکە ئاماژەی بەوەکردووە، دادگاکەیان سزای زیندانیکردنی بۆ هەریەک لە وەزیری پێشووتری بارزگانی و دوو بەڕێوەبەری پێشووتری وەزارەتەکە دەرکردووە، بەبێ ئەوەی ناویان بهێنێت.

لەبەیاننامەکەدا هاتووە، لەلێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوتووە ئەو هەڵاتووانە دوو گرێبەستیان بۆ کڕینی برنجی جۆری بەسمەتی کردووە و 14 ملیۆن و 300 هەزار دۆلاریان (14,300,000) بەهەدەرداوە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەی دەستەی دەستپاکیدا هاتووە، دادگاکەیان گەیشتووەتە بڕوای تەواو لەبارەی تۆمەتەکان، لەبەرئەوە بە مادەی 340 یاسای سزادان، سزای زیندانیکردنی حەوت ساڵی بۆ هەریەک لەو تاوانبارانە دەرکردووە، لەگەڵ دەستگرتن بەسەر موڵک و ماڵی گوازراوە و نەگوازراوەیان و، زیان پێگەیشتووش مافی داواکردنی قەرەبووکردنەوەی هەیە. 

هاوکات میدیا عێراقییەکان ئاشکرایان کتدووە، ئەو وەزیرەی کە لەلایەن دەستەکەوە بەبێ ناوهێنان ئاماژەی بۆ کراوە، مەلاس عەبدولکەریم کەسنەزانییە و یەکێک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکانیش تەها هەدلوشە.  



PM:02:34:29/11/2018