دادگای تورکیا زیندانیکردنی دەمیرتاشی درێژکردەوە

دادگای شاری ئیستانبوڵ بڕیاری دادگای ئەوروپای مافەکانی مرۆڤی رەتکردەوە کە داوای ئازادکردنی دەمیرتاشی کردبوو، زیندانیکردنی ناوبراوی درێژکردەوە.

مەحسونی قارەمان، پارێزەری سەلاحەدین دەمیرتاش لە تویتەری خۆی ڕایگەیاند: "ببورن، بیرم چوو کە ئێمە لە تورکیادا دەژین. داوای ئازادکردنی دەمیرتاش ڕەتکرایەوە، سەرەڕای بڕیارەکەی دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ، پاکانەی چی دەکەن؟ بڕیاری ئازادکردنەکە لە لایەن پارێزەرانی ئاکەپە ریپۆرت کرا.”

دادگای ئەوروپا بۆ مافەکانی مرۆڤ لە رۆژی ٢٠١٨/١١/٢٠ بە بڕیارێکی ڕەسمیی داوای ئاژادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاشی کرد، "چونکە هیچ پاساوێک نیـیە بۆ هێشتنەوەی لە نێو زینداندا.”

ھەفتەی ڕابردووش فیدیریکا موگرینی بەرپـرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە میانەی سەردانەکەی بۆ ئەنکەرە، داوای ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاشی کردبوو.

سەڵاحەدین دەمیرتاشی تەمەن ٤٥ ساڵ لە سەرەتای ٢٠١٦/١٠/٤ ــەوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ دەستگیرکراون. لەو کاتەدا هەردووکیان هاوسەرۆکی هەدەپە بوون و تۆمەتبارکراون بەوەی پشتیوانی لە پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەن. داواکاری گشتی تورکیا داوایکردبوو دەمیرتاش ١٤٢ ساڵ زیندانی بکرێت و فیگەن یوکسەکداغیش ٨٣ ساڵ.



PM:11:01:30/11/2018