ناوەرۆکی كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی ئاشکرادەکرێت

كۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان کۆتاییهات و ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەش ئاشکرادەکرێت.


لە ڕاگەیەندراوێکدا کە پاش کۆبوونەوەکە بڵاوکراوەتەوە "كۆبونەوەكە، لە بارودۆخێكی هەستیاردا بەرێوەچوو، كە كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە پێدا تێپەردەبێت. لەژێر رۆشنایی گۆڕانكاریی‌و هاوكێشە سیاسیە نوێیەكان، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەوردی گفتوگۆی لە سەر چوار تەوەری سەرەكی كرد، كە تایبەت بوون بە ( عێراق،   كوردستان، كەركوك، كاروباری ناوخۆی حیزب)".

دەقی ڕاگەیەنراوەکە:

پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ ( 1/12/2018)، بەسەرپەرشتی هەڤاڵ كۆسرەت رەسول عەلی جێگری سكرتێری گشتی، بەدەقیقەیەك وەستان بۆ رێزلێنان لە شەهیدانی كوردستان، كۆبونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە شاری سلێمانی دەستی پێكرد.

  كۆبونەوەكە، لە بارودۆخێكی هەستیاردا بەرێوەچوو، كە كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە پێدا تێپەردەبێت. لەژێر رۆشنایی گۆڕانكاریی‌و هاوكێشە سیاسیە نوێیەكان، ئەنجومەنی سەركردایەتی یەكێتی بەوردی گفتوگۆی لە سەر چوار تەوەری سەرەكی كرد، كە تایبەت بوون بە ( عێراق،   كوردستان، كەركوك، كاروباری ناوخۆی حیزب).

  سەبارەت بە تەوەری پرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی لە عێراقدا، سەركردایەتی یەكێتی جەختی لەوە كردەوە، قۆناغێكی نوێ لە پرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی لە عێراقدا هاتوتە ئاراوە، كە دەرفەتێكی لەباری ڕەخساندووە، گفتوگۆی بەرپرسیارانە لەنێوان هەرێم‌و ناوەند دەست پێی بكرێت بۆ چارەسەركردنی كێشەكان‌و بەدیهێنانی مافە دەستوری‌و دیموكراسیەكانی گەلی كوردستان بەپێی دەستوری هەمیشەیی عێراق. بێگومان یەكریزی‌و یەكگووتاریی لایەنە سیاسیەكانی كوردستان لە بەغدا پێویستیەكی گرنگی قۆناغەكە‌و سەركەوتنی گفتوگۆكانیش دەبێت.

  یەكێتی، كە  پەیوەندییەكی لە مێژینەی لەگەڵ هێزو لایەنەكانی عێراقدا هەیە، ئەزموون‌و پێگەی پارێزراوی لە بەغدا هەیە، لەبەر رۆشنایی ئەزمون‌و سیاسەتی سەرۆك مام جەلال، هەوڵەكانی درێژە پێی دەدات، بۆ رەخساندنی زەمینەی كاركردنی پێكەوەیی فراكسیۆنە كوردستانیەكان ‌و چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەرێم‌و ناوەند.

   ئەنجومەنی سەركردایەتی پشتیوانی خۆی بۆ هەڵوێست‌و هەنگاوەكانی سەرۆك كۆماری عێراق‌و فراكسیۆنی یەكێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دووپاتكردەوەو پێداگریشی كرد لە وەرگرتنی پشكی   یەكێتی لە كابینەی نوێی حكومەتی فیدرالی عێراق. 

  لە تەوەری تەرخانكراو بۆ گفتوگۆكردن‌و تاوتوێ‌ كردنی بارودۆخی سیاسی كوردستان‌و گفتوگۆكانی پەیوەست بە پێكهێنانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، یەكێتی كارنامەیەكی هەمەلایەنی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێ‌ گەلالەكردووە، بە ئامانجی باشتركردنی گوزەرانی خەڵكی كوردستان‌و چارەسەركردنی كێشە و كەموكورییەكانی حوكمڕانی لە هەموو بوارەكاندا، كە بەلای یەكێتی-یەوە كارنامەی حكومەت بۆ حزمەتكردنی خەڵك‌و حوكمڕانیەكی سەركەوتوو گرنگە، بەشداری ڕاستەقینە‌و كاریگەری یەكێتی‌و لایەنەكانی تر، وەرگرتنی بڕیاری هاوبەش‌و بەرپرسیارێتی هاوبەشیش گرنگە بۆ سەركەوتنی كابینەكەو جێبەجێكردنی كارنامەكەی.

   كۆبونەوە پێداگری كرد لەسەر ئەوەی، گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەت درێژەی پێیبدرێ‌، بە رەچاوكردنی بارودۆخی هەستیاری كوردستان‌و عێراق‌و ناوچەكە‌و ژیان‌و گوزەرانی خەڵك‌و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندیی باڵای گەلی كوردستان، لایەنەكان ڕاشكاوانە گفتوگۆ بكەن، لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكان‌و دەست پێكردنی قۆناغێكی نوێ‌ لە پرۆسەی سیاسی‌و حوكمڕانی‌و ئارامی هەرێمی كوردستان.

  ئەنجومەنی سەركردایەتی، دۆخی كەركوك‌و ناوچە كوردستانیە دابرێنراوەكانی هەڵسەنگاند، دۆخی ناجێگیرو نائاسایی ئەو ناوچانە‌و هەندێ‌ لەو هەوڵ‌و بڕیارانەی، بۆ سەرلەنووێ‌ شێواندنی دیمۆگرافیای كەركوك‌و  ئارامی‌و ئاسایشی هاوڵاتیان دەدرێن، بەوردی تاوتوێ‌ كرد، سەرلەبەری ئەو هەوڵ‌و بڕیارە نادەستوریانە ڕەتدەكاتەوە، هەوڵەكانیشی چڕدەكاتەوە بۆ كۆتایهێنان بەو دۆخە نەخوازراوە.

  هەڵسەنگاندنی كاروباری ئۆرگان‌و دامودەزگاكانی حزب، چۆنێتی چارەسەركردنی كەموكوڕییەكان‌و سازدانەوەی ئۆرگانەكان‌و هەڤاڵان، بۆ راپەراندنی ئەركەكانی قۆناغەكە. لەمبارەیەشەوە بڕیارو رێوشوێنی پێویست وەرگیرا. 

لەبەر رۆشنایی گفتوگۆی هەڤاڵان، كۆبونەوە بڕیاری پێكهێنانی ژمارەیەك لیژنەی دا بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكانی ئەنجومەنی سەركردایەتی‌و پرۆژەی یەكێتی بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و دۆسیەی بەغدا، كوردستان، راگەیاندن، دارایی گشتی‌و هاوكاریكردنی حكومەت بۆ چەسپاندنی ئارامی‌و سەپاندنی سەروەری یاسا.



PM:04:19:01/12/2018