پێداچونەوە بەڕێنمایی و مەرجەكانی پێدانی كارەبا بەهاوڵاتیان دەكرێت

وەزارەتی كارەبا جەختدەكاتەوە، سزای توندی دارایی ئەوكەسانە دەدەن كە دەستكاری پێوەری كارەبایان كردوە، ڕاشیدەگەیەنێت، "ئەوەی‌ كراوە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دزییەوەو زیانی گەورە دەگەیەنێت بەدابەشكردنی كارەبا".

بەگوێرەی‌ ڕاگەیەنراوێكی‌ وەزارەتی‌ كارەبای‌ حكومەتی‌ هەرێم كە وێنەیەكی‌ بۆ "سپی میدیا" نێردراوە تێیدا هاتوە، "هۆگر شاڵی بریكاری وەزارەتی كارەبا سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی ئەنجومەنی ڕاوێژكاری وەزارەتی كارەبای‌ كردوە بەمەبەستی پێداچونەوە بەڕێنمایی و مەرجەكانی پێدانی كارەبا بەهاوڵاتیان".

ئاشكراشیكردوە، ڕاوێژكاران و بەڕێوەبەرانی گشتیی كارەبا باسیان لەهەموو ئەو تێبینی و پێشنیازانە كردوە كە بۆ چاوخشاندنەوە بەڕێنمایی و مەرجەكانی پێدانی كارەبا بۆ وەزارەت بەرزكراوەتەوە.

بریكاری وەزارەتی كارەبا داوایكردوە، ڕێنمایی و مەرجەكانی كارەبا بەشێوەیەك ڕێكبخرێت كە لەخزمەت هاوڵاتیان و كارئاسانی بەڕێوەچونی كارەكانیاندابێت و داوایكردوە بەتوندی سزای دارایی ئەوكەسانە بدرێت كە سەرپێچی دەكەنەسەر تۆڕەكانی كارەباو دەستكاری پێوەرەكانی كارەبا دەكەن".

لەو ڕوەشەوە وتویەتی‌ "ئەوە دەچێتە چوارچێوەی تاوانی دزییەوە و زیانی گەورە دەگەیەنێت بەدابەشكردنی كارەباو پێدانی كارەبا بەهاوڵاتیان".



PM:01:09:02/12/2018