کەشناسی چەند ڕێنماییەکی لەبارەی لافاوەوە ڕاگەیاند

بەرێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی بوومەلەرزەزانی ھەرێم چەند ڕێنمایەکی ھۆشیاری سەبارەت بە خۆپاراستنی لە لافاوبڵاوکردەوە هەتا هاوڵاتیان لە کاتی ئەو ڕووداوە سروشتیە ڕووبەڕووی کەمترین زیانی گیانی و مادی ببنەوە.

١ – ڕێنمایی گشتیی:

• تا بکرێت بە ھەموو شێوەیەک لەو باڵەخانانەی راستەوخۆ کەوتوونەتە نێو رێڕەوەی سەرەکیی لافاوەکەوە دووربکەوە.
• دیواری ئەستوورو توندوتۆڵی وەک بەربەست لە دەوروبەری خانووەکەت دروست بکە ئەگەر لەناوچەیەک دەژیای کە ئەگەری روودانی لافاوی لێ زیاتربێ لە ئەوانی دیکە تاوەکو ھەڕەشەی ھاتنە ژوورەوەی ئاو بۆ ناو خانووەکەت دوور بخەیتەوە.
• دیواری خانوو یان نھۆمەکانی زەمینی بە دیواری ئەوتۆ دروست بکرێن کە دژە دزەکردنی ئاوبن بۆ دوورخستنەوەی نەوەک تەنھا ئاوی لافاو بەڵکو ھەموو جۆرە شێیەک کە کاردەکاتە سەر تەواوی پەیکەری بینایەکە.
• بەدواداچوونی بەردەوامی دەزگاکانی راگەیاندن، بە تایبەتی لەگەڵ زیادبوونی زۆری رێژەی باران بارین لە ناوچەکەتدا.

٢- لەکاتی نزیکبوونەوەی زۆری روودانی لافاودا:

• پێشوەختە، جانتایەک ئامادەبکە کە ھەموو دیکۆمێنتە کەسییە گرنگەکانی خۆت و خانەوادەکەت و چەند جۆرە داوو دەرمانێکی زۆر پێویستی تیادا کۆبکەوە.
• ئەگەر دەسەڵاتداران داوایان لێکردی ماڵەکەت جیبَھێڵی ئەوا دەستبەجێ و بێ دواکەوتن جێیبھێڵە.
• تا پێت بکرێ بڕۆ ناوچەو شوێنە بەرزەکان.
• ئەگەر پێتکرا، ئەوا کەلو پەلە بەھادارو گرنگ و پێویستەکانت زووتر بگوازەوە نھۆمی سەروە یان ھەر ژوورێک کە لەسەرووی نھۆمی زەویدا بێت.
• دەستبەجێ سویچی سەرەکیی کارەبای ماڵەوەت بکوژێنەوە.

٣ – لەکاتی روودانی لافاودا:

• بەھیچ شێوەیەک بەنێو تەوژمی ئاوە بەخوڕ رۆیشتووەکاندا مەڕۆ ئەگەر قووڵاییشیان کەمبێت، چونکە ئەگەر قوڵایی رێڕوێکی لافاو تەنھا ١٥ سانتیمەتر بێت، ئەوا دەستبەجێ دەتخاتە سەر زەوی و دەکەوییە نێو تەوژمی ئاوەکە.
• ئەگەر ناچار بوویت لەنێو ئاودا بڕۆیت، ئەوا تا پێت دەکرێ بەنێو ئەو ناوچانەدا بڕۆ کەوا تەوژمی لێ نییەو دارێکیش بەدەستەوە بگرەو بەردەوام لە ئاستی قووڵایی ھەنگاوەکانی پێش خۆت دڵنیابە ئینجا ھەنگاو بنێ.
• بەھیچ شێوەیەک ئۆتۆمبێل لە ناوچە نقومبوو یان نیمچە نقومبووەکاندا لێ مەخوڕە، وە کاتێک لەناو ئۆتۆمبێل بوویت و بە ئاو گەمارۆ درای، ئەوا دەستبەجێ جێی بھێڵەو تا پێت دەکرێ بەرەو ناوچەیەکی بەرزتر بڕۆ.
• ئەگەر بە تەواوی تەڕ ببوویت، ئەوا بەھیچ شێوەیەک دەست لەھیچ جۆرە کەل و پەل و ئامێرو کەرەستەیەک مەدە کە پەیوەندی بە کارەباوە ھەبێت، بە تایبەتیش ستوونەکان.

٤ – لە دوای وەستانی لافاوەکە:

• بەردەوام بەدواداچوونی دەزگاکانی راگەیاندن بکە بۆ زانینی سنووری کارتێکردنی لافاوەکەو ئەو ناوچانەی کە زۆر پێیوە کاریگەربوونە.
• بەھیچ شێوەیەک لەناوچە نقوومبووەکاندا نزیکە مەبەوە، چونکە زۆرجار ئەو جۆرە ناوچەو ئاوەکانیان بە مادەی کیمیایی جۆراوجۆری ژەھراویی یاخود بە نەوت و بەنزین و ئاوی زێرابەکانەوە پیسبوونە، ئەمە جگە لە ھەڕەشەی بەردەوامی بەرکەوتن بە تەزووی کارەبا لە ھێڵە لێک ئاڵاوەکاندا.
• تا بکرێ تەنانەت لە ناوچە وشکەکانیش لە ھێڵەکانی کارەبادا دووربکەوە.
• بەھیچ شێوەیەک لەو باڵەخانانە نزیک مەبەوە کە بە تەواوەتی بە ئاوەوە گەمارۆدراون.
• تا دەسەڵاتدارو دەزگای بەرپرس رێگەت پێنەدات، لەخۆتەوە دووبارە مەگەڕێوە نێو ماڵەکەت.
• بۆکس و مەنھۆڵ و زێرابەکان شوێنی یەکجار زۆر مەترسیدارن و لەو حاڵەتانە بەھیچ شێوەیەک لێیان نزیک مەبەوە.
• ھەر شتێک کە تەڕ بووبێت، بەڵام بواری دووبارە بەکارھێنانەوەی ھەبێت، ئەوا پێش بەکارھێنانەوەی بە مادەی تایبەت پاکی بکەرەوە پێش ئەوەی بەکاری بھێنیتەوە.



PM:01:35:06/12/2018