رۆژنامەنوسێکی پارتی جیاوازی نێوان نێچرڤان‌و مەسرور بە دوو باڵ ناودەبات

رۆژنامەنووسی دیاری پارتی، رێبوار کەریم وەلی لە سوتنی ئەم هەفتەیەی خۆیدا جیاوازی نێوان مەسرور بارزانی‌و نێچرڤان بارزانی بە دوو باڵی بەهێز ناودەبات.

 لە نوسینێکی نوێدا بەناونیشانی "خەمی پارتیتان نەبێ" کە هەفتانە رێبوار کەریم وەلی لە رۆژنامەی رووداو بڵاویدەکاتەوە نووسیوویەتی" ئەوەی روویداوە نە كودەتایە و نە ئەوەشە كە پارتییەكان پێی نیگەران بن. گومان لەوەدا نییە كە مەسروور بارزانی و نێچیرڤان بارزانی خاوەنی روانگای جیاوازی سیاسی و میتۆدی كاركردنن، دوو باڵی بەهێزی ناو پارتین، بەڵام هەردووكیان لەژێر رابەرایەتیی سەرۆك بارزانیدا كار دەكەن. ئەگەر سەرۆك بارزانی فەرق و جیاوازییەكی لە نێوان ئەو دوو كوڕەی خۆیدا كردبایە، دەبوو ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی جێگری سەرۆكی پارتی نەبووایە!".

لەو نووسینەدا ئەو رۆژنامەنووسەی پارتی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات لە کابینەی نوێدا لاهوری شێخ جەنگی لێبپرسراوی دەزگای پاراستن زانیاری ( زانیاری ) ئەو پۆستە لەدەستدەدات، هەروەها ئەو ئاشکرای دەکات کە مەسرور بارزانی رقی لەماڵباتی تاڵەبانییەو نووسیوویەتی" رەنگبێ كەس بەقەدەر لاهوور و ماڵباتی تاڵەبانی لەو جێگۆڕكێیەی ناو پارتی نیگەران نەبن. لاهوور نیگەرانە چونكە سەرباری ئەوەی كە لە بەرەی پشتیوانانی مەسروور بارزانییە، نەك هیچ پۆستێكی بەرناكەوێت، بگرە لەوەش دەبێ كە هەیەتی. دوو باڵەكەی ناو یەكێتی (كۆسرەت رەسوڵ، بەرهەم ساڵح و لاهوور لە لایەك و لە لایەكەی دیكە ماڵباتی تاڵەبانی)، خاوەنی روانگای خۆیانن بەرامبەر ئەو جێگۆڕكێیەی ناو پارتی. باڵی كۆسرەت رەسوڵ خۆشحاڵن كە كەسێك دەبێتە سەرۆكوەزیران رقی لە ماڵباتی تاڵەبانییە و موجامەلەیان ناكات، هەوڵ دەدەن وەك تاكە مەرجەعی بڕیاری ناو یەكێتی لە دانوستاندنەكاندا بەشدار بن. لە بەرامبەر ئەوەشدا، ماڵی تاڵەبانی بۆ راگرتنی بەڵانس و كرێدیتی خۆیان لای ماڵباتی بارزانی، مەلا بەختیاریان هێنایەوە ناو جەبهەبەندیی سیاسی تا بتوانێ پارێزەری بەرژەوەندییەكانی ماڵباتی تاڵەبانی بێت، چونكە لاهوور پشتی تێكردن".

رێبوار کەریم وەلی زانیاری لەسەر گۆڕان ئاشکرا دەکات و دەڵێت " گۆڕان ئەمجارەش لە وەزارەتە (سیادییەكان!) داوای وەزارەتی دارایی و سێ وەزارەتی خزمەتگوزاری دەكات. هاوكات داوای یەكێك لە جێگرانی سەرۆكی حكومەت یان سەرۆكی هەرێمیش دەكات. لە ئێستاوەڕا كاندیدای گۆڕان بۆ وەزارەتی دارایی مەعلومە و رەنگبێ پارتیش لاریی لەسەر نەبێت. بەڵام رەنگبێ گۆڕان هەر دوو وەزارەتی خەدەمی وەربگرێت و لەو دووەش گرنگە گۆڕان داوای ئەو وەزارەتە بكات كە پەیوەستە بە رێكخستنی كاروباری هەرێم لەگەڵ بەغدا". 



AM:10:04:01/01/2019