هاوتووچۆ ڕێنمایی لەسەر شێوازی پێبژاردن بەشێوەی قیستی مانگانە بڵاودەكاتەوە

لەبارەی شێوازی پێبژاردن بەشێوەی قیستی مانگانە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەولێر چەند ڕێنمایەكی نوێی بڵاوكردەوە و ڕێنماییەكەش ئەو كەسانە دەگرێتەوەكە بڕی غەرامەكەیان لەسەرووی 500 هەزار دینارەوە بێت.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی هاتوچۆی هەولێر لە ڕاگەیەنراوێكدا مەرجەكانی پێبژاردن (غەرامەی ئۆتۆمبیل) و ڕێككارەكانی چۆنیەتی دانی غەرەمەكانی هاتوچۆ بەشێوەی قست راگەیاند كە بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

1ـ دەبێت بڕی غەرامەكە لە پێنج سەد هەزار دینار كەمتر نەبێت.
2ـ دەبێت ئەو كەسەی دەیەوێت قستەكە بدات ئۆتۆمبێلەكەی بەناوی خۆیەوە بێت یان بریكارنامەی بۆ كرابێت.
3ـ ئەو كەسەی دەیەوێت قستەكە بدات، دەبێت بەڵێننامەیەك لە بەشی یاسایی هاتوچۆی هەولێر پڕ بكاتەوە و لەماوەی ساڵێك سزاكەی هەمووی بداتەوە و پاش ئەوە بەڵێننامەی لێ وەرناگیرێتەوە و ماوەكەی بۆ درێژ ناكرێتەوە، بە پێچەوانەوە خۆی بەرپرسیار دەبێت
4ـ بڕینی وەسڵێك بە بڕی سێ هەزار دینار لە بەشی ژمێریاری.
5ـ ساڵیانەكە بەناو ناكرێت تاوەكو قستەكە تەواو نەبێت.
6ـ ساڵیانەكە نوێ دەكرێتەوە بۆ ماوەی یەك ساڵ تاوەكو قستەكە تەواو دەبێت.
7ـ دانەوەی قستەكان به شێوەی مانگانە دەبێت و خاوەنی ساڵیانە ئازادە لەوەی كە بۆ هەر مانگێك بڕی چەند بدات.



PM:12:59:22/01/2019