تەڤگەری ئازادی پشتگیری خۆی بۆ خۆپیشاندانەکەی شیلادزێ راگەیاند

تەڤگەری ئازادی پشتیوانی بۆ خۆپیشاندانی دانیشتوانی شێلادزێ لە دژی بنكە و بارەگاكانی توركیا دەربڕی و، داوادەكات هەر دوو حكومەتی هەرێم و عێراق دژی سنوربەزاندنەكانی توركیا هەڵوێست وەربگرن.

لە بەیاننامەیەكدا کە دانەیەکی بۆ سپی نێردراوە، تەڤگەری ئازادی، سەبارەت بە خۆپیشاندانەكەی شێلادزێ لە دژی توركیا داوای كردووە ئەو خۆپیشاندان ناڕەزایەتیە بە هۆشیاریەوە لە بەرامبەر هەر دەست تێوەردانێك بەردەوامی پێبدرێت و فراوان بكرێت.

تەڤگەری ئازادی داواشی لە حكومەتی هەرێم كردووە بچێتە بەرەی جەماوەرەوە و لە بەرامبەر هێرشەكانی توركیا هەڵوێستی جدی بنوێنێت هەروەك داواكاریشە حكومەتی عێراقیش هەوڵەكانی چڕ بكاتەوە بۆ كۆتاییهێنان بە سنوربەزاندنەكانی توركیا بۆ سەر خاكی وڵاتەكە.

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ بەسەدان هاوڵاتی شێلادزرێ و دەوروبەری لە دژی بەردەوامی هێرشەكانی توركیا بۆ سەر ناوچە سنوریەكانی هەرێم كە دەبنە هۆی قوربانی بوونی هاوڵاتیانی مەدەنی، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بۆ ماوەیەك دەستیان بەسەر بنكەیەكی سەربازی حكومەتی ئەنقەرە لە ناوچەكەدا گرت و بەپیی ئاماژە سەرەتاییەکان هاوڵاتییەک شەهیدو دە هاوڵاتی تریش برینداربوون.



PM:07:03:26/01/2019