سەرکۆماری تورکیا لەبارەی هێرشی خۆپیشاندەرانی هاوڵاتیانی ناحیهی شیلادزێ بۆسەر بارگایهكی سوپای وڵاتەکەی لهو ناحیهیه رایگهیاند، به فڕۆكهو فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانیان بڵاوهیان به خۆپیشاندهران كردوه.
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی بڵاویکردەوە، کە رهجهب تهیب ئهردۆغان، سهرۆك كۆماری توركیا ئاماژەی بەوەکردووە"ئەمرۆ دووبارە ویستیان لە لایەنی عیراقی (باکوری عیراق) ھەڵەیەک ئەنجام بدەن، بهڵام فڕۆکەکانمان و فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکانمان ھەڵسان، ھەموویان ناچاربوون بڵاوببنەوە".
ئەردۆغان راشیگەیاندووە، "ئەو کەلوپەلانەی سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز، کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی یەک ھەفتەی رابردووی یەکەکانی ئەمنیمان دەستیان بەسەرداگیراوە، ئەوەی نیشان داوە کە ئەم رێکخراوە ئامادەکاری جددی کردووە بۆ ئەوەی قۆناغی ھەڵبژاردن لە خوێن و فرمێسک بگەوزێنێت. بەڵام ئیتر ئەمانە بەسەرچوون".
سەرکۆماری تورکیا باسی لەوەشکردووە،"ئەوانەی دەست بۆ ئاسوودەیی و ئارامی ئێمە دەبەن، مافی ژیانیان پێ نابەخشین، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات".
ئەمڕۆ شەمە ٢٦ی کانونی دووەم، لە شیلادزێ خۆپیشاندان دژی بۆردوومانكردنی ناوچەكانیان لەلایەن توركیاوە بەڕێوەچوو، دواتر ژمارەیەک لە خۆپیشاندەران چوونە نێو سەربازگەیەكی سوپای توركیا لە سنوورەكە و چەند ئۆتۆمبێلێکی سەربازیش ئاگریان گرت، کە بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان خۆپیشاندەرێک گیانی لەدەستداوە و 10ی دیکەش برینداربوون.