وادەی هەڵوەشاندنەوەی پاشکەوتی موچە ئاشکرادەکرێت

یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕونكردنەوە لەبارەی هەڵوەشانەوەی پاشەكەوتی موچەی مامۆستایان دەدات و سەرۆكی رێكخراوەكەش ڕایدەگەیەنێت، لەگەڵ دابەشكردنی موچەی مانگی یەكی ئەمساڵ، سیستمی پاشەكەوتی موچە كۆتایی پێدەهێنرێت.

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتی مامۆستایانی كوردستان ڕایگەیاند، بەگوێرەی ئەو یاسای بودجەیەی لەلایەن پەرلەمانی عیراقەوە پەسەندكراوە و پشكی هەرێم دیاریكراوە، هەر كات بەشە بودجەی هەرێم رەوانەكرا، حكومەت كۆتایی بە سیستمی پاشەكەوت دەهێنێت و موچەی تەواو دابەشدەكرێت.

ناوبراو له‌ درێژه‌ی لێدوانه‌كه‌ی ئاشكراشیكرد، موچەی هەردوو مانگی 11 و 12ی ساڵی رابردوو بە سیستمی پاشەكەوت دەدرێت و ئەو بابەتە یەكلاكراوەتەوە، بەڵام بۆ موچەی مانگی یەكی ئەمساڵ، ئەو پارەیەی لەبەغداوە رەوانە دەكرێت، بەگوێرەی یاساكە لە كۆتایی مانگی سێی ئەمساڵدا دەگات و موچەی مانگی یەكی ئەمساڵیش بەبێ پاشەكەوت دابەشدەكرێت.

سەرۆكی یەكێتی مامۆستایان لەبارەی ئەگەری دەستكارینەكردنی سیستمی پاشەكەوت و هێشتنەوەی وەك خۆی، وتی: ئەوكات بەهەموو جۆرێك پشتیوانی لە كاردانەوەو ناڕەزایەتییەكی مامۆستایان دەكەین و هەر هەنگاوێك لەلایەن مامۆستایانەوە بنرێت، ئێمە لەگەڵیان دەبین.


PM:05:05:03/02/2019