هەڤاڵ ئەبوبەکر لەبارەی دروستبوونی باندی مافیا رونكردنەوە دەدات

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، لەبارەی دروستبونی مافیاوە لە شارەکە هیچ كەسێك سكاڵای تۆمار نەكردووە هەرکەسێک روبەڕوی ئەو جۆرە کارانە بووەوە ئامادەین بەدواداچوون بۆ كێشەكەی بكەین.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەانیدا لەبارەی دەنگۆی دروستبوونی باندی مافیاو رێگریکردن لە هاوڵاتیان رایگەیاند "تائێستا هیچ كەسێك سكاڵای نەگەیاندووەتە دادگاو دەزگا ئەمنییەكان بەوەی كەسانێك هەڕەشەیان لێكردبێت یاخود مەترسی لەسەر دروستبووبێت".

وتیشی، لەماوەی 27 ساڵی رابردووشدا بەردەوام حاڵەتی لەوجۆرە بەدیكراوە كەسانێك هەوڵیانداوە ئارامی شارەكان تێكبدەن، بەڵام ئەو حاڵەتە نەبووەتە دیاردەو هەركەسێكیش كارێكی لەوجۆرەی كردبێت لەلایەن دەزگا ئەمنییەكان رێگری لێكراوەو روبەڕووی دادگا كراوەتەوە".

پارێزگاری سلێمانی جەختی کردەوە، "هەركەسێك ئاگادارمان بكاتەوەو مەترسی لەسەر ژیانی دروستبووبێت یاخود لەلایەن كەسانێكەوە هەڕەشەی لێبكرێت، دەتوانێت سكاڵاكەی بگەیەنێتە ئێمە تاوەكو بەداواداچوون بۆ كێشەكەی بكرێت و لە رێگەی یاساو دەزگا ئەمنییەكان ئەو كەسانەش دەستگیر بكرێن".  


PM:08:56:05/02/2019