دیندار زێباری: دەستگیرکراوانی شیلادزێ ئازاد ناکرێت

رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایەگیاند راگیراوانی رووداوی شێلادزێ دانیان بەوە ناوە کە هانی توندوتیژیان داوەو ئەو مادەییە پێی راگیراون قابیلی ئازاد کردن بە کەفالەت نییە.

لە راگەیەندراوێکدا کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە تیایدا د. دیندار زێباری، رێكخه‌ری راسپارده‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە وەڵامی چەند رێکخراو و میدیای نێودەوڵەتی کە راپۆرتیان دەربارەی رووداوەکان بڵاوکردۆتەوە ئاماژەی بەوەکردووە، لە رۆژانی 23-25 /1/2019 لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا بۆ سەر ناوچە سنووریەکان لە دەڤەری ئامێدی (٤) هاوڵاتیی سڤیلی شیلادزێ شه‌هید بوون.

ئەوەشهاتووە، بۆ ئیدانە کردنی ئەم بۆردومانە رۆژی 26/1/2019 نزیکەی (٤٠٠) هاووڵاتی دەڤەرەکە بە گشت پێکهاتەکانییەوە خۆپیشاندانێکیان ئەنجامدا و داوایان کرد کە تورکیا و پ. ک .ک ململانێکانی خۆیان ببنەوە تورکیا و چیتر هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان نەبنە قوربانی ئەو ململانێیە، بەڵام چەند کەسێکی گێرەشێوێن کە ئەجندای سیاسییان لە پشت بوو، هاووڵاتییانیان هاندا بۆ کاری تێکدەرانە و لە ئەنجامدا خۆپیشاندانەکە توندوتیژیی لێکەوتەوە و زیانی گیانی و ماددیشی هەبوو کەسێک گیانی لە دەستدا و (١١) دیکەش برینداربوون هەروەها (٢) کارمەندی پۆلیسیش بریندار بوون.

دیندار زێباری لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەشکردووە، بۆ رێگەگرتن لەو توندوتیژییە لەلایەن پۆلیسی شێلادزێ (١٣) کەس بە فەرمانی دادوەر دەستگیر کراون بەپێی ماددەی (١٦٥) لە یاسای سزادانی عێراقی کە هانی کاری تێکدەرانە و توندوتیژییان دەدا لە هەمان کاتدا سەر بە چەند لایەنێکی سیاسی دیاریکراون، راگیراوەکان لە کاتی لێکۆڵینەوە دانیان بەوە ناوە، کە هاووڵاتیانیان هانداوە بۆ توندوتیژی دژی دامودەزگاکانی حکومەت و بنکە سەربازییەکان،

دیندار زێباری باسی لەوەشکردووە، لەئێستادا ئەو کەسانە لە بنکەی پۆلیسی شێلادزێ راگیراون و گشت مافەکانیان هەیە وەک بوونی پارێزەر و سەردانی خزم و کەس و رێکخراوەکان، بەڵام ئازاد نەکردنیان بە کەفالەت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە ماددەی (١٦٥) ماددەیەکی یاسایی (جیناییە) و هەر کەسێک بەم ماددەیە دەستگیر بکرێت، ناتوانرێت بە کەفالەت ئازاد بکرێت، پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە گشت راگیراوەکان بە فەرمانی دادوەر دەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەکان لە بنکەی پۆلیس ئەنجامدراوە و تەنیا دادوەر بۆی هەیە بڕیاری گۆڕینی ماددەکە بدات و ئازادیان بکات، تا ئێستاش لێکۆڵینەوەکان لە کەیسەکە بەردەوامە.

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێم سەبارەت بە هەواڵی دەستگیر کردنی چەند چالاکوانێک لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی دهۆکەوە وتی، دوو رۆژ دوای روودواوەکانی شێلادزێ پۆلیسی دهۆک بە فەرمانی دادوەر (56) کەسی دەستگیرکرد دواتر بە کەفالەت ئازاد کران، بەڵام (٥) کەس لەوانە کە (٣)یان لە دەرەوەی شاری دهۆک هاتبوون بەپێی ماددەی( ١٦٥) راگیراون، چونکە کاریان کردووە بۆ نانەوەی پشێوی و ئاژاوە و ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و داڕشتنی پلانی تێکدەرانە دژی ئاسایشی نەتەوەیی، بە بیانووی پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانەکەی شێلادزێ کە لە بنەڕەتدا خۆپیشاندانێکی مەدەنی و ئاشتیخوازانە بوو.

سەبارەت بەو کەسانەی کە لە شاری دهۆک دەستگیرکراون دیندار زێباری باسی لەوەکرد، ئەو راگیراوانە دانیان بەوە ناوە هانی ئەنجامدانی کاری توندوتیژی و نانەوەی ئاژاوەیان داوە لە شاری دهۆک و بۆ ئەم مەبەستە هەندێکیان لە شارەکانی دیکەوە چووبوونە دهۆک، هەروەها بەشێکیان پێشتر بە چەند ماددەیەکی دیکە حوکمدراون واتە پێشینەیان هەیە و یەکەم جاریان نییە دەستگیر بکرێن.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە رۆڵی راگەیاندنەکان لەسەر ئەو پرسە راشیگەیاند، لە هەرێمی کوردستان ئازادیی ڕۆژنامەگەری و ڕاده‌ربڕین به‌پێی یاسا ڕێک خراوه و له‌ كاتی بوونی هه‌ر حاڵه‌تێك كه‌ دژ به‌ ڕێنماییه‌كانی ڕۆژنامه‌گه‌ری له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌وا كار به‌ یاسای سزادانی عێراق، ژماره‌ (111)ی ساڵی 1969ی هه‌مواركراو ده‌كرێت، بۆیە پێویستە میدیاکارانیش نەبنە هۆی تێکدانی ڕەوشی ئارامی و زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی و تایبەت، بەڵکو بە گیانی هەست کردن بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکان بکەن و داخوازییەکانی خەڵک وەکو خۆی بە لایەنە پەیوەندیدارەکان بگەیەنن.




PM:09:48:17/02/2019