لەتیف شێخ عومەر: ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ تاوتوێكردنی پێنیارەكانی پارتی كۆدەبێتەوە

كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ دواخرا و وتەبێژی یەكێتی ڕایگەیاند ئەنجومەنی سەركردایەتی حزبەكەی كۆدەبێتەوە و تاووتوێی پێشنیارەكانی پارتی دەدات و بڕیاری لەبارەوە دەدات.

لەتیف شێخ عومەر، وتەبێژی یەكێتی بەبێ ئەوەی باس لە ناوەرۆكی پڕۆژەكانی پارتی بكات بە "سپی میدیا"ی ڕاگەیاند لە شەوی ڕابردووەوە پارتی چەند پێشنیارێكی  بۆ چارەسەركردنی كێشەی پارێزگاری كەركوك داوە بە یەكێتی وتی "یەكێتی پابەندبوونی خۆی دووپاتدەكاتەوە بەرێككەوتنی 5/2/2019 لەنێوان یەكێتی و پارتی و پابەندە بە یەك پاكێجی چارەسەری كێشەكانی هەرێم و كەركوك و بەغدا ".

وتەبێژی یەكێتی بۆ "سپی" ئەوەشی ئاشكراكرد كە "هەر ئەمڕۆ سەركردایەتی یەكێتی كۆدەبێتەوە و بڕیار لە پێشنیارەكان دەدات".

لەتیف شێخ عومەر وتیشی "كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ كاتژمێر سێ دواخراوە تا ماوەیەكی زیاتر بدرێت بە یەكێتی و پارتی بۆ پێكهاتن".

كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان كە بڕیاربوو كاتژمێر 11ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ساز بكرێت بەهۆی ڕێكنەكەوتنی یەكێتی و پارتیەوە بۆ كاتژمێر سێی پاشنیوەڕۆ دواخرا.




PM:12:49:18/02/2019