میدیاکارێکی دیاری پارتی دەڵێت" ئەو لیژنەیەی بۆ قەلاچۆکردنی مافیەکان لە سلێمانی دروستکراوە بۆ راوکردنی یەکێکی قەڵەوە.
رێبوار کەریم وەلی میدیاکاری دیاری پارتی لە نووسینی هەفتانەی خۆی دا بەناونیئشانی " پارتی دەبێ خۆی لەو داوە رزگار بكات"دەڵێت" لەم رۆژانە لە سلێمانی گوایە دەستەیەك دروست كراوە بۆ بەرەنگاربوونەوە و قەڵاچۆكردنی مافیاكان! جارێ كە سەیری ناوەكانیان دەكەی كەسەكان هەمووی خەڵكی حزبی و ئەوانەن كە خەڵكی شار لەدەستیان زیڕەیان كردووە و ئەگەر لە خەڵی سلێمانی بپرسن كێ دەبێ لەم شارە بڕوات تا ئارامی بەخۆیەوە ببینێ، یەك دوو ناوی دیكەش بۆ لیژنەكە زیاد دەكەن و دەڵێن ئەوانە".
ئەو نووسەرەی رووداو دڵێت "خودی دروستكردنی لیژنەی لەو شێوەیە تەجاوەزی كاری حكومەت و دامودەزگاكانی ئاسایش و پۆلیسی كوردستانە، تەنانەت سووكایەتیشە بە دەسەڵاتی پارێزگار كە سەرۆكی لیژنەی ئەمنیی شارەكەیە. ئینجا سووكایەتییە بە دەسەڵاتی قانوون و حكومەتیش."
رێبواری کەریم وەلی دەشڵیت "خوردەمافیا، دز و چەقۆكێشی لابەلا ئەوە ناهێنن لیژنەی بۆ دروست بكەن، بەڵام پێدەچێ ئەو لیژنەیە بۆ راوی یەكێكی قەڵەو دروست كرابێت كە بەودواییە تەنگی بەوانیش هەڵچنیوە".
ئەو رۆژنامەنووسە لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت و رەشنووسی رێککەوتنی ٥ ی شوباتی نێوان یەکیتی و پارتی دەڵێت" ئێستاش درەنگ نییە بۆ پارتی ئەگەر بیەوێ خۆی لەو داوەی تێیكەوتووە رزگار بكات. رێككەوتنی هەفتەی رابردووی پارتی و یەكێتی لەسەر وادەی كۆبوونەوەكانی پەرلەمان و ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك لە 18ی شوبات، هەر لەسەرەتاوە ناعەمەلی هاتە پێش چاو، چونكە یەكێتی دەیەوێ هەر هەمان كۆبوونەوە پارێزگارێكی (ئۆكتۆبەرچی) بۆ كەركووك دابنرێت و لەبەرامبەریشدا پارتی هیچ پشكێكی لە ئیدارەدانی كەركووك بەرنەكەوێت! پارتی ئەوە قەبوڵ ناكات."