لە گەشتی ئەمجارەماندا لەنێو شۆڕشی ڕۆژاڤا ڕووی کامێراکەمان دەکەینە شۆفێره‌كانی یەکینەكانی پاراستنی ژن (یەپەژە) لە بەرەکانی تێکۆشان و گوێ لە شۆفێره‌كانی سوپای ژنان دەگرین و چیرۆکە سەرنج ڕاکێشەکەی دەبیستین کە هەم شۆفێرە و هەم پزیشکە و هەم شەڕڤان.
بۆ شۆڕشی ڕۆژئاوای کوردستان، کە بە ڕه‌نج و خوێن و قوربانییه‌كی زۆر گەورە ئافرێندرا، هەر کەس چی له‌ده‌ست بێت هه‌وڵ ده‌دات بیكات بۆ ئەوەی شۆڕش بەهێز بکات، یەکێک لەو كه‌سانه ناوی خویندا بۆتانە، ئه‌و لە ساڵی ٢٠١٥ لە جزیری بۆتان-ه‌وه چووه‌ته نێو ڕیزه‌كانی شۆڕشی ڕۆژائاوا، ده‌رباره‌ی هۆکاری ئه‌و هه‌نگاوه‌ی ده‌ڵێت: ویستمان ئێمەش شوێنی خۆمان له‌نێو شۆڕشی ڕۆژائاوادا بگرین.
خویندا بۆتان، یەکێکه لە شۆفێرانی بەرەی شەڕی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) کە چیرۆكی ئه‌وان تا ئێستا زۆر نەنووسراوەتەوە، ویستمان ده‌رباره‌ی شۆفێری لە بەرەکانی شەڕ گفتوگۆی له‌گه‌ڵ بکەین.
خویندا، کە ماوەی چەند ساڵێكه لە بەرەکانی شەڕ شۆفێری دەکات، باس له‌وه ده‌كات کە ئۆتۆمبێلەکانیان لە کاتی بەرخۆداندا زۆر گرنگن، لە هەمان کاتدا هەمیشە بە ئامانج دەگیرێن.
هەروەها خویندا ده‌ڵێت؛ بۆ ئەو کارەی، کە ئەو دەیکات پێویستی بە دیسپلینێکی گەورە هەیە و پێویسته لە هەموو کاتێکدا له ئامادەباشیدا بێت، خویندا، هێما بۆ ئه‌وه ده‌كات کە ئەو بە شێوه‌یه‌كی زۆر ڕێک و پێک دەتوانێت جڵه‌وی ئۆتۆمبێل بگرێته ده‌ست، كاتێك ده‌چێته به‌ره‌ی شه‌ڕ، هه‌میشه ئۆتۆمبێلەکەی خۆی بە ئیشپێکراوی دەهێڵێتهوه بۆ ئاماده‌باشیی هه‌ر بارودۆخێکی بەپەلە، هەروەها دەڵێت 'دەبێت مرۆڤ ڕه‌چاوی مین، هێرشی مووشەکی، شەڕ، هێرشی ئاسمانی، دۆخی ڕێگه‌وبان و هه‌موو شتێك بكات'.
"هەندێک جار بریندار دەگوازینەوە، هەندێک جاریش چەک و تەقەمەنی"
خویندا دەڵێت، هەندێک جار ئه‌و هێزی شەرڤانان دەگوازێته‌وه بۆ بەرەکانی شەر، هەندێک جار چەک و تەقەمەنی دەگوازێته‌وه و هەندێک جاریش شەرڤانە بریندارەکان له بەرەکانی شەڕه‌وه دەگوازێته‌وه بۆ نەخۆشخانە، خویندا بەردەوام دەبێت له قسه‌كانی و دەڵێت: لەو شه‌ڕانه‌دا تەکنیکی پێشکەوتوو بەکار دەهێنرێت، ئۆتۆمبێلەکانیش زۆر گرنگن، دەبێت مرۆڤ هەمیشە ئامادە بێت و زۆربەشیان دەبێ بچنە ئەو شوێنانه‌ی کە زۆر مەترسیدارن، هەندێک جار تۆ هەوڵ ده‌ده‌ین، کە بریندارێک ڕزگاربکەیت و بیگوازیتەوە، هەندێک جاریش چەک و تەقەمەنی بگەیەنیته گرووپێکی هەڤاڵان، لەبەرئەوە پێویستی به دیسپلینێکی بەهێز هه‌یه، هه‌ر بۆیه دەبێت هەموو کات ئامادە بیت.
" تۆ هەم هاوڕێی، هه‌م کارمەندێکی تەندرووستی و هەمیش شۆفێر"
خویندا، ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كات كه سه‌ختترین به‌شی كاره‌كه‌ی ڕزگارکردنی هاوڵاتییانی سیڤیله دەڵێت: ئەو کاتە تۆ بە تەنها شۆفێرێک نیت، لە هەمان کاتدا هاوڕێ و کارمەندێکی تەندرووستیشی، بێگومان ده‌رخستنی بریندارەکان سه‌ختترین کاره، له‌و کاتەدا تۆ هەم هاوڕێ و هەم تاکە کەسیت کە دەبێت سەرەتا دەستپێشخەری بکەیت و بچیتە ئەو جێگەیەی کە پێویسته، دەبێت تۆ بە خوێنساردی مامه‌ڵه بكه‌ین، کاتێک کە بریندارێك سواری ئۆتۆمبێلێك ده‌كه‌ی، تەنها شتێک کە لە بیرتدایە ئه‌وه‌یه ده‌بێت ئه‌و هەڤاڵە بژی، تۆ بیر لە هیچ شتێکی دیكه ناکەیەوه.
لە عەفرین دێرەزۆر
خویندا، لە ساڵی ٢٠١٥ وه له شه‌داد تا ڕه‌قا و عەفرین لە زۆر ناوچه بەشداری له شەڕدا كردووه، ئێستاش لە هەڵمەتی دێرەزۆردا به‌شداره، خویندا دەڵێت: هەر شەڕێك زەحمەتی خۆی هەیە، ئەو شەڕه‌ی کە زۆر زەحمەتیم تێدا بینی، شەڕی عەفرین بوو، لەبەرئەوەی لەوێ شه‌ڕ لەنێو هەلومهرجی یەکساندا ڕووینه‌دا، فڕۆكه‌ی سیخووڕی و فڕۆكه‌ی جه‌نگی هەموو کات لەسەر سەرمان ده‌سووڕانه‌وه، بۆ نموونە شه‌ڕڤانه‌كانی دیكه باری دەروونیی خۆیان بە گوێرەی شه‌ڕی زه‌مینی ئامادە دەکه‌ن، بەڵام لە عەفریندا دەبوو مرۆڤ خۆی لە هێرشی ئاسمانیش بپارێزێت.
سه‌ختترین ئه‌رك
ده‌رباره‌ی سه‌ختترین ئەرکی، خویندا باسی بیرەوەرییەکی خۆی كرد، وتی: لە شوێنێکی عەفرین ئەو جێگه‌یه‌ی کە ئێمەی لێ بووین ئاشکرا بوو و دەوڵەتی تورک تۆپبارانی كرد، ئێمە چوار هەڤاڵ بووین و هەر چواریشمان بریندار بووین، برینی من سووک بوو، بەڵام فەرماندەی بهرهكهمان ئارتێش گەڤەر بەقورسی بریندار بووبوو، من بەزەحمەت خۆم گەیاندە ئۆتۆمبێلەکە و هەرسێ هەڤاڵەکەم سواری ئۆتۆمبێل كرد، برینی هەڤاڵ ئارتێش زۆر قورس بوو، بەڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هەوڵی دەدا کە وره‌م پێبدات، ئێمە لەو شوێنە ده‌رچووین و هەتا عەفرین ئۆتۆمبێلەکە ئاژۆت، تەنها شتێکم له هۆشدابوو ئەو هەڤاڵانە بگەیەنمە نەخۆشخانە، من ئەوانم گەیاندە نەخۆشخانە، بەڵام هەڤاڵ شەهید بوو، ئێستاش کاتێک ئەو هەڤاڵهم وه‌بیردێته‌وه، بێتاقەت دەبم و فرمێسک بە چاومدا دێته خواره‌وه.
لە ئاژانسی فوارت نیوز وەرگیراوە