نێچیرڤان بارزانی: هەرێمی كوردستان زەمینەی لە بار و ماددەیەكی خاوی گەشتیارییە

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، لە وتارێكدا لە رێوڕەسمی كردنەوەی پێشانگەی گەشتیاری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە هەولێر رایگەیاند، هەرێمی كوردستان زەمینەی لە بار و ماددەیەكی خاوی گەشتیارییە و پێویستە ئەو دەرفەتە بقۆزرێتەوە.

نێچیرڤان بارزانی، ئاماژەی بە لایەنی گەشتیاریی هەرێمی كوردستان كرد و رایگەیاند، سرووشت و دەشت و دۆڵ و چەم و رووبار و ژینگەكەی گونجاوە بۆ ئەوەی بكرێتە ناوەندێكی گەشتیاریی كە هەموو وەرزەكان گەشتیاریی هەبێت وتیشی "بە شێوەیەكی سەرەكی پشت بە كەرتی تایبەت دەبەستێت بۆ گەشتیاری، كەرتی تایبەت دەتوانێت بۆ بنیاتنانی ژێرخانی گەشتیاری رۆڵێكی كاریگەر بگێڕێت، دەبێت دۆخی چەند ساڵی رابردوو ببێتە پەند و وانە بۆ هەرێمی كوردستان".

هەروەها رایگەیاند، پێویستە هەرێمی كوردستان، زۆربەی سەرچاوەی داهات، نەك لە نەوت و سامانی سرووشتی، بەڵكو دەبێت لە كەرتی گەشتوگوزاری و كشتوكاڵ بێت.

روونیشی كردەوە، زەمینەی وەبەرهێنان هێندە لەبارە لە هەرێمی كوردستان، دەكرێ ببێتە سەرچاوەیەكی باشی داهات بۆ وەبەرهێنەران و هەرێمیش ژێرخانێكی باشی گەشتوگوزار بنیات بنێت.

ئاماژەی بەوەشكرد، بە هەبوونی كەرتەكانی گەشتیاری، كشتوكاڵ و پیشەسازی، هەرێمی كوردستان دەتوانێت خۆی لە پشتبەستن بە سەرچاوەكانی نەوت و گاز رزگار بكات، وتیشی "پێشخستنی كەرتی گەشتیاری، كاری لە پێشینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەبێت، هەندێكجار رێنمایی و یاساكان، یان سستی كارگێڕی وەبەرهێنەران رابگرێت، بەڵام حكوومەت هەموو كارێك دەكات زەمینەیەكی باش بۆ وەبەرهێنان لە هەموو كەرتەكان بڕەخسێنێت".

هەر لە وتارەكەید، نێچیرڤان بارزانی، داوای لە دەزگا ئەمنییەكان و پەیوەندیدارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد، ئەوپەڕی هاوكاری نیشانی ئەوانە بدەن، كە لە ناوچەكانی دیكەی عێراق و وڵاتانی دراوسێش بۆ گەشت و سەیران لە نەورۆزدا سەردانی هەرێمی كوردستان دەكەن.

دووپاتیشی كردەوە، دەبێت لە دەروازە و فڕۆكەخانەكان، شێوەیەكی زۆرباش كولتووری لێبوردەیی نیشان بدرێت و هەر كەسێك بیەوێت بێتە كوردستان، دەبێت هەست بكات رێزی لێگیراوە.



PM:01:02:17/03/2019