سەرۆک کۆمار نزیکەی 200 ملیۆن دینار بۆ فێستیڤاڵی ئێل بەگی جاف تەرخان دەکات

کەم بەهاری هەرێمی کوردستان هەیە بەبێ فێستیڤاڵی ناوچەیەک یان گوندێک تێپەڕێت ئەم بەهارەش فێستیڤاڵی ئێل بەگی جاف کە سەرۆک کۆماری عێراق نزیکەی 200 ملیۆن دیناری بۆ تەرخان کردووە لە گوندی باخانی قەرەداغ بەڕێوەدەچێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە "سپی" ڕاگەیاند "لە فێستیڤاڵەکەدا بەرپرسانی باڵای یەکێتی کە هەندێکیان جافن بەشدار دەبن".

ئەو سەرچاوەیە کە نەیویست ناوی ئاشکرابکرێت وتیشی "د.بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق  لە بودجەی سەرۆکایەتی کۆمار نزیکەی بڕی 200 ملیۆن دیناری بۆ فێستیڤاڵەکە تەرخانکردووە".

وتیشی "کەسانی دەستڕۆیشتوی یەکێتی کە لە عەشرەتی جافن لە ڕابردوودا ڕۆڵیان هەبووە لە وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن د. بەرهەمەوە".

زۆربەی ئەو فێستیڤاڵانەی لە قەرەداغ بەڕێوەدەچن، فێستیڤاڵی عەشیرەتەكانی سەر بە ئێل بەگی جافن. حیزبەكان بە تایبەتی پارتی و یەكێتی كە زۆرجار كێبڕكێیانە لەسەر كردنەوەی دیوەخان بۆ سەرۆك عەشیرەتەكان و تەكیە و خانەقا بۆ شێخەكان، هانی ئەو جۆرە فێستیڤاڵانە دەدەن، بە تایبەتیش بۆ ئێلی جاف كە دەوترێ‌ لە 54 عەشیرەت پێكدێن. زۆر لە بەرپرسانی پارتی و یەكێتی لە ریزی پێشەوەی ئەو فێستیڤاڵانە دەبینرێن.



PM:05:40:25/04/2019