پەرلەمانتارێكی عێراق: دەركەوتنەوەی بەغدادی پەیامی ناراستەوخۆی ئەمریكا بوو بۆ حكومەتی عێراق

ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئامانجی پشت دەركەوتنەوەی بەغدادی ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت "دەركەوتنی ئەبوبەكر بەغدادی، سەرۆكی داعش پەیامی ناراستەوخۆی ئەمریكا بووە بۆ حكومەتی عێراق بۆ رێگرتن لە هەوڵی دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا".

كەریم علێوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجومەنی نوێنەران رایگەیاند ویلایەتە یەكگرتووەكان ئەوەی نەكرابێت دەیكات بۆ رێگرتن لە پەسەندكردنی یاسای دەركردنی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق.

ئەمریكاشی تۆمەتبار كرد بە هاوكاری دارایی و پشتیوانی و دروستكردنی تیرۆر لە ناوچەكە و وتیشی "پێمانوایە كە ئەمریكا لەگەڵ سەرۆكی رێكخراوە تیرۆریستییەكەدا رێككەوتووە بۆ ئەوەی لەبەردەم رای گشتیدا دەربكەوێتەوە و پەیامیش بگەیەنێتە حكومەتی عێراق".

ئەندامەكەی ئەنجومەنی نوێنەران لەو بڕوایەدابوو كە دەركەوتنی ئەبوبەكرد بەغدادی سێ ئامانجی هەبووە، یەكەمیان كۆتایی نەهاتنی تیرۆر و دووەمیشیان ئەوەیە كە ئەمریكا دەریخستووە كە گەڕانەوە یان كۆتاییهێنان بە داعش لەدەستی ئەواندایە.

سەبارەت بە پەیامی سێیەمیش كەریم علێوی رایگەیاند ناوەڕۆكی پەیامی سێیەمیش دەرخستنی ئامادەیی ئەمریكایە بۆ گەڕاندنەوەی داعش ئەگەرهاتوو یاسای دەركردنی هێزەكانی لە عێراق پەسەند بكرێت.

تا ئێستا حكومەتی عێراق هیچ لێدوانێكی فەرمی لەسەر پەیامە ڤیدیۆییەكەی ئەبوبەكر بەغدادی نەداوە كە پاش پێنج ساڵ بۆ جارێكی دیكە دەركەوتەوە و بەڵێنی دا درێژە بە شەڕ بدات، دواتریش وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكاش رایگەیاند كە هێشتا جەنگی داعش كۆتایی نەهاتووە.



PM:02:06:30/04/2019