ئەندامێكی سەركردایەتی یەكێتی داوای لێكۆڵینەوە لە ١٦ی ئۆكتۆبەر دەكات

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی داوا دەكات لەسەر ئاستێكی باڵا لێكۆڵینەوەی ورد لە دۆسیەی ١٦ی ئۆكتۆبەر بكرێت و ئەنجامەكەی دەربخرێت، بۆ ئەوەی چیتر "تۆمەت" بۆ كەس هەڵنەبەسترێت.

ئارێز عەبدوڵا لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك ئاماژەی بەوەكردووە، لە ڕاگەیاندنەكانی پارتییەوە دەوترێت لە ١٦ی ئۆكتۆبەردا خیانەت كراوە، گریمان زانیاریەكی وا لەبەردەستە، بەڵام خۆ دامودەزگا نیشتمانییەكان لەبەردەستی پارتی بوون و ئێستاش ھەر لەبەردەستیدان، ئایا بۆچی لەسەر ئاستێكی باڵا كۆمیتەیەكی لێكۆڵینەوە دانەنراوە تا ڕاستییەكان ئاشكرا بكرێن و ئەگەر دەركەوت كەسێك یان لایەنێك خیانەتی كردووە سزا بدرێت.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی پرسیاری ئەوەشی كردووە، ئەگەر لەمەودوا مەرجی یەكێتی بۆ ڕێككەوتن لەگەڵ پارتی ئەوەبێت كە نابێت ھەر كەسێك بەشداری ٣١ی ئابی كردبێت پۆستی باڵا وەربگرێت، كاردانەوەی پارتی چی دەبێت و چی لەم وڵاتە دەقەومێت؟

دەشڵێت "ئەركی سەرۆكی ھەرێم و حكومەت و حزبەكان و داواكاری گشتیی، كە ڕاستی و نا ڕاستییەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەر دەربخەن، دەنا ناكرێت چیتر یەكێتی لەو تۆمەتە گەورەیە بێدەنگ بێت".



PM:12:44:09/06/2019