قائیمقامی سلێمانی: بەکارهێنانی سۆدە قەدەغە دەکات و داواش دەکات ئاردی بۆر بەکاربهێنرێت

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، لە هەوڵی ئەوەدان لەبری "ئاردی سپی ئاردی بۆر" بۆ دروستكردنی نان بەكاربهێندرێت و بەكارهێنانی سۆدەش لە بەر زیانە زۆرەكەی قەدەغە كراوە .

قائیمقامیەتی سلێمانی ڕاگەیەندراویکی بڵاوکردووەتەوە کە وێنەیەکی دەست (سپی) کەوتووە، تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات "ئەمرۆ چوارشەممە 26.6.2019 ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی بە ئامادەبونی لایەنەپەیوەندیدارەكان لەگەڵ نوێنەری نانەواخانە و سەمونخانەكانی سلێمانیدا كۆبووەوە و پێشنیاری بەكارهێنانی ئاردی بۆر لەبری ئاردی سپی و قەدەغەكردنی سۆدە لە دروستكردنی ناندا تاوتوێكرا". 

باسی لەوەشکرد، لە كۆبوونەوەكەدا لەڕووی زانستیەوە ئەوەروونكرایەوە بەكارهێنانی "ئاردی سپی" زیان بەتەندروستی هاوڵاتیان دەگەیەنێت و بەكارهێنانی "ئاردی بۆر" لەرووی تەندروستیەوە گونجاوە و هیچ زیانێكی تەندروستی نیە , هەروەها بەكارهێنانی سۆدە لەبەرزیانە زۆرەكەی لەسەر تەندروستی هاوڵاتیان قەدەغە كراوە.

هاوکات، ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی رایگەیاند" ئەوەی بەدی دەكرێت لە شاری سلێمانی خواست لەسەر "نانی سپی" زیاترە وەك لە (نانی بۆر) بەڵام لەرووی تەندروستیەوە دەركەوتوە كە نانی بۆر گونجاوترە بۆ خواردن".

جەختیسکراوەتەوە، پێشنیاربکرێت بۆ دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی عێراق لەرێگەی ئاشەكانەوە گونجاوترین جۆری ئارد بەرهەم بهێندرێت و لە بازاڕەكاندا بەنرخێكی گونجاو بۆ نانەواخانەو سەمونخانەكان دابین بكرێت, تاكو نانێكی تەندروست بەنرخێكی گونجاو بگات بە دەستی هاوڵاتیان. 


PM:02:41:26/06/2019