ئاشتی هەورامی لە کابینەی نوێدا پۆستێکی نوێی پێدەدرێت

بەپێی فەرمانێکی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، ئاشتی هەورامی لە کابینەی نۆیەمدا  بووە راوێژکاری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە.

لە فەرمانەکەدا دەسەڵاتەکانی یاریدەدەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری وزە دیاریکراوە، کە بریتییە لە:

1. بەدواداچووانی جێبەجێکردنی بڕیار و راسپاردە و سیاسەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان - عیراق لە بواری نەوت و غاز، بەپێی مادەی شەشەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان – عێراق، ژمارە 22 ساڵی 2007 بەراوێژ لەگەڵ سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران.

2. پێشکەشکردنی راسپاردە بە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران لە بواری وزەدا

3. هەماهەنگیکردن لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی بواری وزە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان – عێراق

4. بەئەنجامگەیاندنی ئەو ئەرکە تایبەتانەی لەلایەن سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە پێی رادەسپێردرێت لە بواری وزەدا

5. ئامادەبوونی لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی هەرێمی نەوت و غاز بەپێی مادەی چوارەم لە یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان – عێراق ژمارە 22 ساڵی 2007 ، داڕشتنی بەرنامەی کۆبوونەوەکان.

ئەم دەسەڵاتانە بە پێی مادەی شەش و مادەی چواری یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان پێی دراون.

لە مادەی شەشی یاساکەدا هاتووە:

یەکەم: رێکخستن و سەرپەرشتیکردنی پرۆسەکانی نەوت، داڕشتن و رێکخستن و چاودێریکردنی سیاسەتی پرۆسەکانی نەوت، سەرباری رێکخستن و پلاندانان و پیادەکردن و سەرپەرشتیکردن و پشکنین و وردبینی بۆ جێبەجێکردنی هەموو پرۆسەکانی نەوت. هەروەها بە بازاڕکردنی نەوت. 

دووەم: گفتوگۆکردن و ئەنجامدانی رێککەوتنامەکان و جێبەجێکردنی هەموو مۆڵەتەکان لەوانەش ئەو گرێبەستە نەوتیانەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەنجامی دابێت. 

هەروەها بە پێی خاڵی هەژدەیەم لە مادەی یەکەمی یاسای نەوت و غازی هەرێمی کوردستان، پرۆسەکانی نەوت ئەمانە دەگرێتەوە: بەدواداگەڕان و دۆزینەوە بە مەبەستی پەرەپێدان، بەرهەمهێنان، بەبازاڕکردن، عەمبارکردن، گواستنەوە، پاڵاوتن، فرۆشتن و بەرهەمهێنانی نەوت یان بنیاتنان و دانان و دامەزراندنی هەر هەیکەلێکی دەزگاکان و مەکینەکان بۆ مەبەستی ئاماژەبۆکراو، دواکۆتاییهێنان بە مۆڵەت و یان لابردنی هەر یەکێک لەو هەیکەل و دامەزراو و بیناکان.

ئاشتی هەورامی کە لە کابینەکانی 5 و 6 و 7 و 8 دا وەزیری سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان بوو،  پێشتریش راچڵەكین وەكو یەكەمین میدیای كوردی بڵاویكردەوە كە ئاشتی هەورامی لەكابینەی نۆیەم وەک یاریدەدەری سەرۆک وەزیران بۆ کاروباری وزە بەردەوام دەبێ.  




PM:12:12:21/07/2019