هۆڵەندا پۆشینی پەچەی قەدەغە کرد

هۆڵەندا پۆشینی پەچەی لەناو خوێندنگە و باڵەخانە گشتییەکانی وڵاتدا قەدەغە کرد و لەئەمڕۆوە  بڕیارەکە دەخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

میدیاکانی هۆڵەندا بڵاویانکردەوە کە بەرپرسانی حکومی کاردەکەن لەسەر داوای ئەو کەسانەی دەیانەوێت پەچە قەدەغە بکرێت و دەبێت ئەو کەسەی پەچەی پێوەیە لە خوێندنگە و شوێنە گشتییەکاندا یان پەچەکەی لاببات یان لەو شوێنە بڕوات، ئەگەر وای نەکرد ئەوا پۆلیسی بۆ بانگ دەکرێت.

پەرلەمانی هۆڵەنداش بە زۆرینە دەنگیان داوە بە قەدەغەکردنی پەچە و ئەوەش دوای 13 ساڵ دێت لە پێشنیار کردنی بیرۆکەکە.

رۆژانە لە هۆڵەندا نزیکەی 400 بۆ 500 ژن لە کۆی 17 ملیۆن کەس پەچە دەپۆشن، رەخنەگرانیش دەڵێن بڕیاری قەدەغەکردنی پەچە وادەکات ئەو ژنانە نەتوانن ژیانی رۆژانەی خۆیان بەڕێبکەن.

هاوکات لە وڵاتانی وەک ئەڵمانیا، سویسرا، ئەستۆنیا، لاتڤیا، لیتوانیا و نەرویج لە هەوڵدان پەچە قەدەغە بکەن، پێشتریش لەهەندێک ناوچەی کەتالۆنیا لە ئیسپانیا قەدەغە کرا بەڵام دواتر بڕیارەکە هەڵوەشێندرایەوە.

فەرەنساش یەکەم وڵات بوو کە بۆرکینی و پەچەی قەدەغە کرد لە سەرەتای مانگی نیسانی 2011وە، لە یاساکەشدا هاتووە کە رێگەنادرێت بە کەس پارچەی زیادە بپۆشێت لە شوینە گشتییەکاندا بەتایبەت ئەو پارچەیە نابێت دەموچاوی بشارێتەوە.



PM:06:22:01/08/2019