ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی داوایەك ئاڕاستەی سەركردایەتی حزبەكەی دەكات

ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان، داوا لە ئەنجوومەنی سەركردایەتی دەكات، بڕیار لەسەر دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە بدات و كۆنگرەش بۆ یەكێتی، بە پرسێكی "گرنگ و هەنووكەیی" وەسف دەكات.

بە گوێرەی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی  پێشتر رۆژی 21ی 11ی 2019یان پێشنیاز كردووە و مەكتەبی رێكخستنی ئەو حزبەش هەمان رۆژ بە گونجاو دەزانێت، بۆیە داوایان لە سەركردایەتی كردووە لە كۆبوونەوەی داهاتوو، رۆژی كۆنگرە دیاریبكەن.

لە راگەیەندراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە دیاریكردنی رۆژی كۆنگرە بە گوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە، ئەركی سەركردایەتییە و پێشیانوایە، هیچ بەربەست و لەمپەرێكی جدی لە بەردەم ئەنجامدانی كۆنگرەدا نەماوە و كۆنگرەش بۆ یەكێتی، بە پرسێكی گرنگ و هەنووكەیی وەسف دەكات.

ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتی رایدەگەیەنێت، داڕشتنەوەی رەشنووسێكی دیكە بۆ پەیڕەوی ناوخۆی یەكێتی لە ئەستۆی خودی ئەنجوومەنەكە دایە و ئۆرگانەكانی حزبەكەش، چەندین پێشنیاز و بیرۆكەی ئاراستەكردوون بۆ ئەوەی لە كۆنگرەدا، گۆڕانكاریی لە پەیڕەوی ناوخۆ بكەن.

سەرەڕای ئەوەی باسی بەرواری جیاواز دەكرێت، بەڵام تا ئێستا و بەفەرمی وادەی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی لەلایەن سەركردایەتی ئەو حزبە دیاری نەكراوە.




PM:03:05:07/08/2019