سکرتێری گشتی ناتۆ: نیگەرانی خۆمان لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکەوە گەیاندە تورکیا

یەنس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ لە کۆنفراسێکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ مەولود چاوشئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی تورکیا، رایگەیاند، نیگەرانی خۆمان لەبارەی ئۆپەراسیۆنی باکووری سووریا گەیاندە تورکیا.

جێنس ستۆڵتنبێرگ، سكرتێری گشتی رێكخراوی ناتۆ رایگەیاند،"ناتۆ پشتیوانی لە توركیا دەكات بۆ بەرگریكردن لە خۆی و سنورەكانی، وە پشتیوانی لە توركیا دەكەین بۆ بەهێزكردنی هێزی ئاسمانی وڵاتەكەی، لەماوەی 40 ساڵی رابردودا ناتۆ بڕی 5 ملیار دۆلاری لە توركیا حەرجكردوە بۆ هاوكاری توركیا".

وتیشی،"ناتۆ دەیەوێت ئەو ناسەقامگیرییەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە كەمبكاتەوە، لەگەڵ چاوشئۆغلۆ باسمان لە ئۆپراسیۆنەكانی توركیا كرد لە باكوری رۆژهەڵاتی فورات، لەو روەوە نیگەرانی قوڵی خۆم لەو روەوە گەیاندە توركیا و پێمانوایە ئەو لەشكركێشییە سەقامگیری ناوچەكە دەخاتە مەترسییەوە، دەبێتە هۆی كەوتنەوەی قەیرانی مرۆیی، لەو روەوە توركیا نیگەرانی شەرعی خۆی خستەرو".

 
راشیگەیاند،"ئێمە دوژمنێكی هاوبەشمان هەیە كە داعشە، پێكەوە لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی توانیمان، هەمو ئەو ناوچانە ئازاد بكەین كە لەدەستی داعش بو، ئەو خەڵكانەی لە دەستی داعش رایانكردبو، بیانگەڕێنینەوە شوێنی خۆیان و هاوكاریان بین، ئێستا نیگەرانییەكی زۆر هەیە كە نابێت چەكدارە دەستگیركراوەكانی داعش رابكەن، دەبێت لەماوەیەكی نزیكدا چارەسەرێكی گونجاو دابنێین بۆ ئەو پرسە".

سەبارەت بە سیستمی ئێس 400ی روسی، وتی،"ئێمە نیگەرانی خۆمان لەو روەوە گەیاندوەتە توركیا و پێمانوایە لە داهاتودا دەبێتە مەترسی بۆسەر ئەندامانی ناتۆ"

هەر لەو كۆنفرانسە رۆژنامەنوسیەدا، مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند،"ئێمە زانیاری پێویستمان لەسەر ئۆپراسیۆنەكەمان بۆ باكورو رۆژهەڵاتی سوریا داوەتە ناتۆ".

سكرتێری ناتۆ، سەبارەت بە تۆمەتباركردنی هێزەكانی رۆژئاڤای كوردستان بە نزیك لە پەكەكە، رایگەیاند،"ئێمە هیچ لیستێكی تیرۆریستیمان نییە، ئێمە تەنها لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی داعشمان كردوە، شەڕی ئێمە لە ئەفغانستان و عێراقیش لە پێناو روبەروبونەوەی تیرۆر بوە، توركیاش لەو روەوە هاوكاری كردوین، بەڵام لەسەر دۆخی باكوری سوریا، روانینی جیاواز لەسەر یەپەگە هەیە"



PM:12:44:11/10/2019