مەزڵوم عەبدی: گومانمان لە ڕێککەوتنی سوتچی هەیە



فەرماندەی گشتی قەسەدە ڕایگەیاند" گومانیان لەسەر هەندێک خاڵی ئەو ڕێککەوتنە هەیە کە خزمەت بە خەڵکی هەرێمەکە ناکات".


مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە، لە شاری حەسەکە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی ئەنجامدا و بابەتی ئاگربەست و ڕێککەوتنی سوتچی ڕوونکردەوە.

 
"گروپەکانی سەربە تورکیا ئاگربەست پێشێل دەکەن"

 
عەبدی ئاماژەی بەوەکرد، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێکیان لەگەڵ تورکیا نییەو تەنها ئاگربەست هەیە، سەرەڕای ئاگربەستیش بەڵام گروپەکانی سەربە تورکیا لە هێرشەکانیان بەردەوامن و ئاگربەست پێشێل دەکەن.
عەبدی دەستنیشانیکرد، کە ئەمریکا هێرشی تورکیای ڕانەگرت، بەڵکو ویستی بە لایەنی دیپلۆماسی و ئابوری لە ڕێگای سەپاندنی سزاوە شەڕەکە ڕابگرێت و تورکیای ناچارکرد کە ئاگربەست ڕابگەیەنێت.
وتیشی: هێرشەکانی تورکیا بەردەوامە، ئەمریکاو سەرۆک ترامپ لێی بەرپرسیارن، پەیوەندیی ئێمە لەگەڵ ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامە.

 
"پەیوەندییەکانی ئێمە بۆ لەناوبردنی داعش لەگەڵ ئەمریکا بەردەوامە"

 
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بۆ پەیوەندییە تەلەفۆنییەکی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا کرد و وتی: ترامپ جەختی کردۆتەوە کە هەبوونی هێزی ئەمریکا تا کاتێکی درێژو نادیار بەردەوام دەبێت، ئێستا هەنگاوی داهاتوو و چۆنێتی پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوولایەن لەسەر بابەتی لەناوبردنی داعش و شانەنووستووەکان تاوتوێ دەکرێت.
عەبدی وتی: بەتەنها هێزێک ناتوانێت ئاڵۆزی سوریا چارەسەربکات، هەبوونی ئەمریکا لەسوریا کاریگەرییەکی باشی بۆ دۆزینەوەی چارەسەری سیاسی پەیدا دەکات، سەرۆک ترامپیش ئەوەی پشتڕاستکردووەتەوە.

 
"نزیکەی ٤٠٠ هەزار کەس بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە ئاوارەبوونە"

 
فەرماندەی گشتی قەسەدە ڕوونیکردەوە، بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە بۆسەر هەرێمەکە، نزیکەی ٤٠٠هەزار کەس ئاوارەبوونە.
"سەبارەت بە ڕێککەوتنی سوتچی ئێمە ڕای خۆمان بەڕووسیا ڕاگەیاندووە"
عەبدی دەستنیشانی کرد کە ئەوان ڕا و داواکاری خۆیان سەبارەت بە ڕێککەوتنی سوتچی بە ڕوسیا ڕاگەیاندووەو وتی: ئێمە هەر ١٠خاڵەکە قبوڵ ناکەین، گومانمان لەسەر هەندێک خاڵ هەیە، چونکە لەدژی بەرژەوەندی گەلی ئیـمەیە.

 
"دەورییەی هاوبەش پێکهێنراوە"

 
سەبارەت بە دەورییەی هاوبەش، فەرماندەی گشتی قەسەدە وتی: دەورییە لە کۆبانێ و منبج ئەنجامدراوەو ئەمڕۆش لە درباسییە سوڕاونەتەوە، بابەتی پاراستنی گەلی ئێمە جێگای گفتوگۆیە، ئێمە گەلەکەمان دەپارێزین.

 
"لەئەنجامی هێرشی تورکیا ٥چەتەی داعش هەڵهاتن، سەرجەم زیندانیانی داعشی لەژێر کۆنتڕۆلی ئێمەدان"

 
فەرماندەی گشتی قەسەدە باسیلەوەشکرد، بەهۆی تۆپبارانەکانی سوپای داگیرکەری تورک بۆسەر یەکێک لەزیندانەکانی قامیشلۆ کە چەتەکانی داعشی تێدایە، ٥چەتەی داعش هەڵهاتن، جەختیشی کردەوە، کە سەرجەم زیندانیانی داعشی لەژێر کۆنتڕۆڵ دان.
عەبدی ڕایشیگەیاند، کە دۆسیەی زیندانیانی داعش و بنەماڵەکانیان تەنها هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە لێی بەرپرسیارە بەهاوکاری  ئەو دەوڵەتانەی کە هاوکاری قەسەدە دەکەن لە هەرێمەکە و وتیشی: نە تورکیا، نە ڕووسیا، نە ڕژێم پەیوەندییان بەو بابەتەوە نییە.

 

"قەسەدە هاوهەڵوێستە بۆ چارەسەرێکی سیاسی سوریا"

 
مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، قەسەدە هاوهەڵوێستە بۆ چارەسەرێکی سیاسی لە سوریا بەو مەرجەی تایبەتمەندێتی قەسەدە لەناو سوپای سوریا هەبێت.
عەبدی سوپاسی هاوکاری وڵاتانی کردو وتی: ئێمە سوپاسی هەموو وڵاتانی جیهان دەکەین کە پشتگیری ئێمەیان کرد و ئەوانەی هاوکاری گەلی ئێمەیان کرد، ئێمە سوپاسی گەلی کورد لەهەرچوارپارچەی کوردستاندەکەین، ئێمە بانگەوازی لە هێزە سیاسییە کوردییەکان دەکەین پاڵپشتی هێزی قەسەدەو بەرخۆدانیەکان بکەن، لەبەر ئەوەی بە هەبوونی هێزی ئێمە دەرفەتی گەورەی سەرکەوتن دەرەخسێت.

 
"متمانەمان بە تورکیا نییە، هێشتا گەلی ئێمە لەژێر مەترسی دان"

 
مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک-قەسەدە وتیشی: متمانەو باوەڕی قەسەدە هیچ کاتێک بەتورکیا نییە، هێشتا هێرشی تورکیا بەردەوامە، داهاتووی گەلی ئێمە لەمەترسی دایە، ئێمە دەمانەوێت هەوڵە نێودەوڵەتیەکان بەردەوام بێت بۆئەوەی بگەینە ئەنجامێک و شەڕ بوەستێت و گەلی ئێمە پارێزراوبێت.

 


PM:10:08:24/10/2019