هەسەدە: هەواڵگری سەربازی هەسەدە و هێزەکانی ئەمریکا توانیان بەغدادی بکوژن

دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی بە فەرمی راگەیاند و ئاماژەی بۆ ڕۆڵی کورد لەو پرۆسەیە کرد، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" ڕایگەیاند "هەواڵگری سەربازی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی ئەمریکا توانیویانە ئەبوبەکر بە‌غدادی خەلیفەی داعش بکوژن".

رێدوور خەلیل، بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی هەسەدە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئەمڕۆ لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی زۆر هەستیار و ورد و هاوبەش کە ماوەی پێنج مانگی خایاند لە نێوان هێزەکانی هەواڵگری سەربازی سەر بە هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ئاستێکی هەر باڵای هاوئاهەنگیدا خەلیفەی دەوڵەتی ئیسلامی داعش ئەبوبەکری بە‌غدادی لە گوندی بارشی سەر بە شاری ئیدلب کوژرا".

رێدوور خەلیل، وتی "ئەو رووداوە مێژووییەی ئەمڕۆ روویدا، لە ئەنجامی پەیوەندیی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات و هێزەکانی ئەمریکا، لەلایەن هەواڵگری هەردوولاوە سەرپەرشتی دەکرا هەموو وردەکارییەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە لەنێوان هەردوولادا کاری لەسەر دەکرا".

بەرپرسی پەیوەندییە گشتییەکانی هەسەدە وتیشی "وەکو هێزەکانی سووریای دیموکرات دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە ئەو چالاکییەی ئەمڕۆ کە لە ئەنجامدا ئەبوبەکر بەغدادی کوژرا، ماوەی زیاتر لە مانگێک دواخرا لەبەر هێرشەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورکیا بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها ئەو چالاکییەی ئەنجامدرا لە دژی خەلیفەی دەوڵەتی داعش ئەبوبەکر بەغدادی تۆڵەیەک بوو بۆ هەر کەسێک لە کۆبانێ و شنگال و خابوور و دەشتی نەینەوا و کەرکووک و خانەقین و مەخموور بە تایبەت بە ژنانی کوردی ئێزدی".

رێدوور خەلیل، ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، کە "ئەو چالاکییەی ئەمڕۆ کە ئەو ئەنجامەی هەبوو، تۆڵە سەندنەوەیەک بوو بۆ هەر کەسێک لە سەرانسەری دونیا کە دەستی رێکخراوی تیرۆریستی داعش زیانی پێگەیشت".

سەبارەت بە شوێنی بەغدادی، رێدوور خەلیل، وتی "ئەو پرسیارەیە کە دەبێت دەوڵەتی تورکیا وەڵام بداتەوە کە ئایا بەغدادی چی دەکرد لەناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی تورکیا لە شاری ئیدلب لە نزیک سنووری تورکیا، سەرەڕای ئەوەی چەندین جار بەرپرسانی تورکیا لەسەر ئاستی باڵا ئەوەیان رەتکردووەتەوە کە زانیاریان لەسەر شوێنی بە‌غدادی نییە، بەڵام ئەو ئۆپەراسیۆنە سەلماندی کە تورکیا چوارچێوەیەکی سیاسی و پارێزگاری نەک تەنها بۆ بەغدادی، بەڵکو بۆ سەرجەم ئەندام و گرووپە تیرۆریستییەکان دەستبەرکردووە کە لە باکووری سووریا کار دەکەن. لێرەوە دەبێت کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەو پاڵپشتییەی تورکیا بۆ ئەو گرووپانە بپرسێت و لە نیەت و ئامانجەکانی دەوڵەتی تورکیا تێبگات لە پاڵپشتیکردنی ئەو گرووپانە".


PM:06:45:27/10/2019