هێزە ئەمریکییەکان تەرمی ئەبووبەکر بەغدادیان لە سووریاوە گواستەوە بۆ وڵاتێکی دیکە

بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی "ئەلعەرەبییە"، ئەمڕۆ دووشەممە ٢٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ تەرمی ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعش گوازراوەتەوە بۆ بنکەی سەربازیی عەین ئەسەد لە عێراق، کە هێزە ئەمریکییەکان لەو بنکەیەدا جێگیر کراوون.

هەروەک کەناڵەکە لە زاری سەرچاوەکانییەوە بڵاوی کردووەتەوە و دەڵێت" بەپێی دابونەریتی خەڵکی عێراق بە خاک دەسپێردرێت، بەڵام ناوی شوێنەکە ئاشکرا نەکراوە، تەنیا ئاماژە بەوەکراوە کە لە ناوچەیەکی عێراق بە خاک دەسپێردرێت".


ئەبو بەکر بەغدادی ناوی تەواوی (ابراهیم عواد ابراهیم البدری)یە و لە ساڵی ١٩٧١، لە پارێزگای سەڵاحەدینی عێراق لەدایکبووە و بە ئەبو بەکر بەغدادی ئەمیری رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش) ناسرا. 


سەرەتای ناو دەرکردنی بەغدادی بە دیاریکراوی بۆ ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١١ دەگەڕێتەوە، کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا وەک تیرۆرستێكی جیهانی ناوی هێنا.


لەماوەی دەسەڵاتیدا لە رێکخراوەکەیدا، بەغدادی وەک تارماییەک لەنێوان سوریا و عێراق دەردەکەوت، بە جۆرێک هەر کات هەواڵی مەترسی یان هێرشکردنە سەری لە حەشارگەیەک یان شوێنی مانەوەی بڵاودەبۆوە، پاش ماوەیەک لە شوێنێکی دیکە بە گرتە ڤیدیۆییەک یان بە ریکۆردێکی دەنگیی دەردەکەوتەوە.


گۆڤاری نیوزویکی ئەمریکی بڵاویکردەوە: رۆژی شەممە ٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە ئۆپراسیۆنێکی نهێنیدا کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا هەفتەیەك پێشتر پەسەندی کردووە، لە گوندی بریشای سەر بەشاری ئیدلبی باکوری رۆژئاوای سوریا، بە هێلیکۆپتەر هێرشکراوەتە سەر حەشارگەکەی ئەبو بەکر بەغدادی و خۆی و هەردوو ژنەکەی کوژراون.


بەگوێرەی هەندێک زانیاری ئەبو بەکر بەغدادی و هەردوو ژنەکەی لە کاتی هێرشەکەدا پشتێنەی بۆمب رێژکراویان لە خۆیان بەستووە و خۆیان تەقاندۆتەوە، ئەمەش لە ترسی ئەوەی نەکا بە زیندوویی یان بە برینداریی دەستگیر بکرێن. 


هاوکات دوێنێ یەک شەممە دۆناڵد ترۆمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیامێکیدا سوپای چەند وڵات و هێزێکی کرد کە هاوکاربوون بۆ لەنێوبردنی ئەبووبەکر بەغدادی و وتی"سوپاسی رووسیا عێراق، تورکیا و هەسەدە دەکەم، کە هاوکاربوونە لە کوشتنی ئەبوبەکر بەغدادی، ئۆپەراسیۆنەکە زۆر ترسناک بوو، زۆر سوپاس بۆ هەواڵگرییە پرۆفێشناڵەکان کە وایانکرد ئەم ئەرکە زۆر سەرکەوتووبێت، دەمەوێت سوپاسی هەموو سەربازەکان بکەم کە دوێنێ شەو لە ئۆپەراسیۆنەکەدا بەشداربوون، ئێوە باشترینن". 














AM:11:41:28/10/2019