حەشدی شەعبی داوا لە خۆپیشاندەرانی بەغدا و شارەکانی دیکەی عێراق دەکات لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەردەوام بن


ئەمڕۆ هەینی حەشدی شەعبی لە راگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند"  داوا لە خۆپیشاندەرانی بەغداو شارەکانی تری عێراق دەکەین لە خۆپیشاندانی ئاشتیانە بەردەوام بن و رێگری لەو کەسانە بکەن کە دەیانەوێت شەپۆلی ناڕەزاییەکان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاربهێنن".


لە ڕاگەیەندراوەکەی حەشدی شەعبی ئەوەشخراوەتەڕوو: ئەوان پشتیوانی لە داواکارییەکانی خۆپیشاندەران دەکەن و بەوردی چاودێری دۆخەکە دەکەن، ‌هێزەکانیان ئەرکی خۆیان لە پارێزگاریکردن لە خۆپیشاندەران، دەوڵەت و دامودەزگانیدا جێبەجێدەکەن.



هاوکات هەر ئەمڕۆ هەینی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ نوسینگەی مەرجەعی باڵایی شیعەکانی عێراق سەبارەت بە خۆپیشاندانەکانی عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتبوو: سیستانی پشتگیریی داوای رەوای خۆپیشاندەران و خۆپیشاندانی ئاشتییانە دەکات. 


رۆژی هەینی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩، سەدان هەزار هاووڵاتیی عێراق لە بەغدا و شارەکانی دیکەی باشووری ئەو وڵاتە، دژی گەندەڵی و کەمیی خزمەتگوزاری، خۆپیشاندانیان ئەنجام دا.


هەروەها دوێنێ پێنج شەممە كۆمسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق ئاماری قوربانیانی خۆپیشاندانەكانی هەفتەی رابردوی شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقی بڵاوكردەوە و رایگەیاند" لە خۆپیشاندانەكانی ماوەی پێنج رۆژی رابردوی شارەكانی عێراقدا ١٠٠ كەس لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەكان كوژراون و زیاتر لە ٥٥٠٠ كەسیش برینداربوون. 




PM:06:31:01/11/2019