هاوسەری ئەبوبەكر بەغدادی دەستگیركرا

ئەمڕۆ چوار شەممە ٦ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئەنقەرە دەستگیركردنی ژنەكەی ئەبوبەكر بەغدادی، سەركردەی كوژراوی ڕێكخراوی داعشی ڕاگەیاند.

 

رەجەب تەیب ئەردۆگان، سەرۆک کۆماری تورکیا  لە مەراسدیمی 70هەمین ساڵیادی دامەزراندنی بەشی زانستە ئیسلامیەکانی زانکۆی ئەنقەرە ڕایگەیاند" دوێنێ دەستگیرکردنی خوشکی بەغدادیمان ڕاگەیاند، لێرەشەوە ئاشکرای دەکەم کە ژنەكەی ئەبوبەكر بەغدادی-مان بەدیل گرت، ئەمەش یەكەمجارە ڕووداوێكی وەها ڕادەگەیەنین و نەمانویست ژاوەژاوێكی گەورە لەو بارەیەوە دروست بكەین".

 

ئەمەش لە کاتێکدایە دوێنێ سێ شەممە بەرپرسێکی تورکیا بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند" خوشکی ئەبووبەکر بەغدادیمان لە باکووری سووریا بە دیل گرتووە، تورکیا لێپێچینەوە لەگەڵ دەکات و هەروەها لێپێچینەوە لە هاوسەرەکەی و خێزانی کوڕەکەشی دەکەن کە ئەوانیش بە هەمان شێوە دەستگیرکراون".

 

بەرەبەیانی رۆژی یەک شەممە ٢٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ لە ئۆپەراسیۆنێکی تایبەتد، تیمێکی یەکەی سەربازیی تایبەتی ئەمریکی بەناوی "دەلتا فۆرس" ئەبوبەکر بەغدادی، خەلیفەی داعشی لە شاری ئیدلیب لە باکووری رۆژئاوای سووریا، کوشت.

 

ڕێكخراوی داعش لە تۆمارێكی دەنگیدا كە لەڕێی ئینتەرنێتەوە بڵاویكردەوە، تەئكیدی لەسەر كوژرانی سەركردەكەی كردەوە.

 

 پێشتر دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكا ڕایگەیاندبوو، بەغدادی و سێ‌ منداڵی لە ئەنجامی تەقینەوەی پشتێنێكی بۆمڕێژكراو كوژران دوای ئەوەی لەڕێی تونێلێكی داخراوەوە هەوڵی هەڵاتنیان دابوو.



PM:05:29:06/11/2019