قوباد تاڵەبانی لەسەر دەستگیرکردنی رۆژنامەنووسان راگەیاندنێک بڵاودەکاتەوە

قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر دەستگیرکردن و زیندانی کردنی رۆژنامەنووسان دەڵێت" زیندان شوێنی رۆژنامەنووس و رەخنەگران نییە، بەڵکو شوێنی دز و پیاوکوژانە".

 

لە ماوەی هەفتەیەکدا سێ رۆژنامەنووس لەلایەن دادگاکانی ناوچەی گەرمیانەوە دەستگیرکران، لە کاتێکدا ژمارەیەکی بەرچاو لەم دادوەرانەی ئەم حوکمە دەدەن بەسەر رۆژنامەنووساندا سەر بە یەکێتی نیشتمانی کوردستان، یان نزیکی ئەو حیزبەن، لەسەر ئەو دەستگیرکردنە قوباد تاڵەبانی راگەیاندنێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە" زیندان شوێنی رۆژنامەنووس و رەخنەگران نییە، بەڵکو شوێنی دز و پیاوکوژانە. نووسین بە نووسین وەڵام دەدرێتەوە، ئەگەر رۆژنامەنووسێکیش هەڵەیەکی کرد و بێ بەڵگە کەسێک و لایەنێکی تۆمەتبار کرد ئەوا یاسای کاری رۆژنامەگەریمان هەیە و دەبێت بەپێی یاسا مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، نەک پەنا ببرێت بۆ دەستگیرکردن و هەڕەشە و توندوتیژی".

 

جێگری سەرۆکی حکومەت لە پەیامەکەیدا دەڵێت "لەماوەی داھاتودا کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و رۆژنامەنوسان رێک دەخەم بۆ ئەوەی ڕێوشوێنێک بدۆزینەوە بۆ چۆنیەتی کۆتاییهێنان بەم جۆرە مامەڵەکردنانە کە دواھەمینیان دەستگیرکردنی رۆژنامەنوس (ئازاد عوسمان)ە".

 

ئەوە لە کاتێکدایە کە لەسەرتاسەری هەرێم دەسەڵاتی سیاسی و دادوەری بەردەوامە لە دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووسان بۆ چەند رۆژێک، دوایی ئازادکردنیان بە کەفالەت. هاوکات ژمارەیەک لە دادوەرەکان لە هەوڵدان چۆن چاو لە یاسای رۆژنامەگەری ٣٥ی ساڵی ٢٠٠٧ دا بخەوێنن و، رۆژنامەنووسان بە یاسای پەیوەندیەکان کە سزاکەی زیندانی تێدایەو قورسترە لە سزای یاسای رۆژنامەنووسان دادگایی بکەن.

 


PM:08:00:13/11/2019