دوو زیندانی کورد دوای ٢٥ ساڵ زیندانیکردن، ئازاد کران

لە شاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ئەمڕۆ “محەمەد نەزەری” و “عوسمان مستەفاپور”، دوو بەندکراوی سیاسیی کورد پاش پەسندبوونی داواکارییەکانیان بۆ لێبورین لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ ئازادکران. محەمەد نەزەری ماوەی ٢٥ ساڵ و عوسمان مستەفاپور ماوەی ٢٨ ساڵیان لە بەندیخانەکانی ورمێ، تەبرێز، یەزد و رەجایی شەهری کەرەجدا تێپەڕکرد.

 
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردەوە، محەمەد نەزەری لە ساڵی  ١٩٩٤ و عوسمان مستەفاپور لە ساڵی ١٩٩١ بە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)” دەستبەسەرکرابوون و پاشان بە سێدارە سزادرابوون. پاش چەند ساڵ سزای عوسمان مستەفاپور بە ٣٥ ساڵ بەندکران و سزای محەمەد نەزەری بە بەندکرانی تاهەتایی کەم کرابووەوە.

 
ئەو دوو بەندکراوە سیاسییە لە هەموو ئەو ساڵانەدا لە مافی وەرگرتنی مۆڵەتی چوونەدەروە لە بەندیخانە بێبەشکرابوون.

 
محەمەد نەزەری لە ساڵی ١٣٨٦ / ٢٠٠٧ لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسی کوردی دیکە لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێووە بۆ بەندیخانەی ڕەجایی شەهری کەرەج دوورخرایەوە. سزای سێدارەی ئەو زیندانییە سیاسییە لە جەژنی قوربانی ساڵی ٢٠٠٩ بەر لێبورینی گشتیی کەوت و بۆ بەندکرانی تاهەتایی کەم کرایەوە.
نەزەری لە مانگی گەلاوێژی ٢٠١٧.٠٨ بەمەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرامبەر بەنکرانی نادادوەرانەی بۆ ماوەی ٩٩ ڕۆژ لە بەندیخانەی ڕەیی شەهردا دەستی دایە مانگرتن لە خواردن.

 
لە مانگی سەرماوەزی ٢٠١٧.١١ بە شێوەیەکی چاوەڕوان نەکراو بۆبەندیخانەی ناوەندیی ورمێ گوازرایەوە. ماوەیەک دواتر بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر پێڕانەگەیشتنی پزیشکی بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت.

 
عوسمان مستەفاپور لە ساڵی ١٩٩٤ پاس لە سێدارەدرانی دووان لەو کەسانەی لەگەڵی دەستبەسەرکرابوون بۆ بەندیخانەی ناوەندیی یەزد دوورخرایەوە.

 
ئەو زیندانییە سیاسییە لە ساڵی ١٩٩٥ گەڕێندرایەوە بۆ بەندیخانەی ورمێ و لە ساڵی ٢٠٠٠ دا سزای سێدارەکەی هەڵوەشێندرایەوە و بۆ ١٠ ساڵ بەندکران کەم کرایەوە. هاوکات لە لقی ٣ی دادگای شۆڕشی ورمێ بە هەمان تۆمەت دیسانەوە دادگاییکرا و ئەم جارە بە ٢٥ ساڵ بەندکران سزادرا. عوسمان موستەفاپوور بەو شێوەیە پێویست بوو ٣٥ ساڵ لە بەندیخانەدا بمێنێتەوە.

 
لە ماوەی ٢٨ ساڵ بەندکرانیدا، دایکی، خوشکێک و برایەکی لە دەستداوە، بەڵام هەر جارەو بەهۆی ناڕەزامەندیی داواکاری گشتی و فەرمانگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕێگەی پێنەدراوە لە مەراسیمی بەخاکسپاردنیاندا بەشداری بکات.




PM:09:54:21/11/2019