ئێران.. نرخی شتومەک بەرزبووەوە

لە دوای ئەوەی نرخی بەنزین لەلایەن دەوڵەتی ئێران بەرزبۆوە، نرخی شتومەکیش لە بازاڕەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرزبووەتەوە.

 

دوێنێ یەک شەممە ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠١٩ ئاژانسی فەرمی دەوڵەتی ئێران- ئیرنا ڕایگەیاند" نرخی گواستنەوەی ناوشار و میوە و سەوزە و چەندین شتی دیکە لە ٢٥٪ بۆ ٥٠٪ بەرزبووەتەوە، ئاژانسەکە هەروەها پێشبینی ئەوەشی کردووە کە لە هەفتەی داهاتوودا لێشاوێکی گرانی گشتگیر دەستپێبکات".

 

سەرچاوەکە ئاشکراشیکردووە: بەو پێیە کە هەر شێلمانی ئاسن ٧٠ بۆ ٨٠ هەزار تمەن نرخی بەرزبووەتەوە، هاوکات لە کۆی ١٠٠ کاڵا کە زیاترین بەکارهێنانیان هەیە، ١٦ـیان بەهایان بەرزبووەتەوە.

 

ڕۆژی ١٥ی ئەم مانگە ناڕەزایەتییەکان دژی بەرزکردنەوەی نرخی بەنزین لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە، دەستیپێکرد و بووبە خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری دژی دەوڵەتی ئێران، کە سەدان کوژراو و هەزاران برینداری لێکەوتەوە و زیاتر لە ١٠ هەزار کەسیش زیندانی کران.




PM:12:18:25/11/2019