فارس عیسا: بەغدا و هەرێم ڕێککەوتن واژۆ دەکەن

بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا رایگەیاند، رۆژی یەكشەممە هەولێر و بەغدا رێككەوتنی "كۆتایی لەبارەی بودجەوە واژۆ دەكەن".

25ی ئەم مانگە، شاندی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق لەبارەی پرسی نەوت و بودجەی 2020ی عێراق کۆبونەوە، بەپێی لێدوانی بەرپرسانی هەردولا نزیک بوونەتەوە لە رێککەوتن و لەسەرەتای ساڵی 2020ەوە هەرێمی کوردستان رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی کۆمپانیای سۆمۆ دەکات، لە بەرامبەر شایستە داراییەکانیدا.

فارس عیسا، بەرپرسی نوێنەرایەتیی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە، "بڕیارە رۆژی یەكشەممەی داهاتوو شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ حكومەتی عێراق رێككەوتنی كۆتایی لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەوە واژۆ بكەن، دواتریش هەرێمی کوردستان و بەغدا رێككەوتنەكە لەناو بودجە جێگیر دەکەن و سیاغەی بودجە دەكرێت و پێشكەشی پەرلەمان دەكرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە دوای پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای بودجە لەلایەن ئەنجومەنی وەزیران و ناوەڕاستی مانگی داهاتوو رەشنوسی بودجەی عێراق رەوانەی ئەنجومەنی نوێنەران دەکرێت.

نوێنەری حكومەتی هەرێمی کوردستان باسی لەوەشکرد، بە گوێرەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ بەغدا بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان بەرێژە نابێت، لە جێگەی ئەوە مانگانە نزیكەی ترلیۆنێك دینار بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە دەكەن.

فارس عیسا رونیکردەوە، "هەوڵ دەدەین كە لە بودجەی سیادی و حاكیمەش پارە بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت و هەرێمی كوردستانیش رۆژانە 250 هەزار بەرمیل نەوت رادەستی بەغدا دەكات".

PM:05:16:28/11/2019